تۆپ باران و میلیتاریزە کردنی بەرزاییەکانی چلچەمە

KMMK:

لەم ڕۆژانەیی دواییدا دوا بە دوای ئەوەی تێهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لەو ناوچەیە دەگەڵ هێزێکی نەناسراو هاتە ئاراوە، هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان داوەتە تۆپ بارانی ئەو دەڤەرە.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ڕۆژی سێ‌شەممە ١۶ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، تۆپ بارانێکی خەستی بەرزاییەکانی چلچەمەی سەر بە دیواندەرە کراوە.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی خۆجێیی، پارێزگای سنە بە تەواوی میلیتاریز کراوە و هاتوچۆی هاوڵاتیان کۆنتڕۆڵ دەکرێ.

شیاوی باسە کۆماری ئیسلامی هەر دەم بە بیانووی شەڕ لە گەڵ حیزبە کوردییەکان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان تۆپ باران دەکات و ئاگر بەر دەدات لە دارستان و لەوڕەگە و دەخڵ و دانی هاوڵاتیان و لە ڕێی دەست و پێوەندییەکانییەوە بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕووتاندۆتەوە و کردوویە بە بیابان و لە پاڵ ئەوەیشدا چالاکانی ژینگەپارێز دەگرێ و تۆمەتێکی سیاسییان دەداتە پاڵ و زیندانییان دەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان