ئیلام: ناشتنی تەرمی کچێکی ١١ ساڵ تەمەن لە مەودای ٢٠٠ مەتری ماڵەوە

KMMK:

زەینەب منداڵێکی خەڵکی گوندی “گوڵدەڕە”ی سەر بە هەلیلانیی ئیلام کە بە بۆنەی هەژاری لە ١٧ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، بە پەت هەڵخستن بۆ خۆی کۆتایی بە ژیانی هێنابوو بە بۆنەی نەبوونی توانای ماڵی باوک و دایکی لە کڕینی قەور لە مەودای ٢٠٠ مەتری شوێنی ژیانییەوە ئەسپەردەی خاک کرا.

بە گوێرەی هواڵەکە: باوکی زەینەب کەسی خاوەن پێداویستی تایبەتە(ئیفلیج) و بنەماڵەی ۵ کەسی ئەوان لە ژێر هێڵی تەواو هەژارییەوەن، لە ژوورێکی تەواوی سواو و کۆن، لە ژێر چاوەدێری بێهزیستی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێک لە دامەزراوە بە ناو خێرخوازییەکان دەژین.

بە پێی وتراوەی شاهیدەکان: ئەم کچە ١١ساڵ تەمەنە لە گەڵ نێزیک بوونەوەی جێژنی نەورۆز و بە پێی ئەوەی لە جلە کۆنەکانی وەڕەز دەبێ و خوازیاری جلی نوێ بۆ نەورۆز ببوو و دابین کردنی داواکارییەکی بچووکی لەو شێوە بە داهاتی ئەو مانگانە کەمەی کە وەریان دگرد لە لایەن بێهزیستییەوە نەدەلوا هەر بۆیە هەڵی کوتایە سەر گیانی خۆی. زەینەبی تەمەن ١١ ساڵ لە پێشدا جلە کۆنەکانی ئاگر تێبەرداوە و پاشان پەتی بۆ خۆی هەڵخستووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

خوشکی بچووکتری زەینەب هەنووکە لە ژێر کاریگەری ئەم ڕووداوە تووشی شۆکی ڕۆحی بووە. بنەماڵەی زەینەب توانای کڕینی قەبریان نەبووە و هەر بەم هۆیە ناوبراویان لە مەودای ٢٠٠ مەتری شوێنی ژیانیان ناشتووە. شیاوی باسە: پارێزگای ئیلام یەکێک لە بێبەشترین پارێزگاکانە لە بواری ئابووری و خۆشگوزەرانییەوە و ئاماری خۆکوژی لەم پارێزگایە لە بانترین پلە و ئاستدایە.

لە کاتێکدا بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیان داوە کێشەی خۆکوژی وەکوو حاڵەتێکی تاکەکەسی نیشان بدەن. بەڵام خۆکوژی زەینەبی ١١ ساڵ تەمەن بۆ خۆی تەنیایی هەموو نەشیاوی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی و ڕاستییەکانی کۆمەڵگا کە هەژاری و دەست نەڕۆیی لە لووتکەدایە پیشان دەدات.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری KMMK : لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئیستە ١٢ ژن و ١٠ پیاو و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ڕێژەی خۆکوژی ژنان بە ١٣ کەس گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان