مەرەخەسی بڕیار کاوە لە گرتووخانەی حکوومەتی ئێران

KMMK:

رۆژی شەمە ۶ گوڵانی ۲۷۲۰ کوردی، بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی گوندی نێی سەربە شاری مەریوان بە ناو « بڕیار کاوە » بە دانانی بارمتە لە گرتووخانەی حکوومەتی ئێران بە شێوەی کاتی و لە بۆ  ۱۰ رۆژ ئازاد کرا.
بە پێی راپۆرتەکە: بارمتەی دیاری کراوە بۆ ئەم بەندکراوە ۲۷ ساڵەیە ۷۰ ملوێن تمەن دیاری کراوە. ناوبراو رۆژی ۲۶ رەزبەری ۲۷۱٦ کوردی بە تۆمەتی هاوکاری حزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران قۆڵبەست کرا.  دوای ۳۲ رۆژ دەستبەسەری لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لەسنە، راگوێزی گرتووخانەی گشتی حکومەتی ئێران لە شاری مەریوان کرا.
جێگای ئاماژەیە: ناوبرا سەرەتا لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتەوە ۵ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و دواتر لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەی بۆ دوو ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.
شایەنی باسە: ناوبراو سەرەتا لە ۲۷ خەزەڵوەری ۲۷۱٦ کوردی بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو و لە کۆتاییدا لە رۆژی ۲ رێبەندانی ۲۷۱۷ کوردی خۆێی بە زیندانی ناوەندی حکوومەت لە مەریوان ناساند و تا ئێستا لەوێ  زیندانی بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان