ماکۆ / تەقەی هێزەکانی حکوومەتی تورکیا لە مەڕ و ماڵات و هەڕەشە لە خێڵ و کۆچبەرەکان لە به‌ر بێدەنگی حکوومەتی ئێران

KMMK:

یەکشەممە ۲۴ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی، بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکوومەتی تورکیا لە سنووری دەستکردی ناوبەری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، ئاسایشی لە خێڵ و کۆچبەرانی ناوچەکە زەوت کردووە.

هێزەکانی حکوومەتی تورکیا لە مەودای یەک کیلۆمەتری سنووری دەستکردی ناوبەری ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان تەقە لە مەڕو ماڵات دەکات و هەڕەشە لە خەڵک دەکات، ئاژەڵدارانی نیشتەجێی گوندەکانی وەلی کەند، قووش و پەنجەرلوو و بری بە دەیان جار لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە هەڕەشەیان لێکراوە و مەڕو ماڵاتیان کراونەتە ئامانجی تەقەی ئەم هێزانە.

ئاژاڵدارانی ئەم گوندانە مەڕەکانیان بۆ لەوەڕاندن لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەودای یەک کیلۆمەتری سنووری دەستکرد لە گەڵ باکوور تەنانەت سەرەڕای هەبوونی دێواری کۆنکرێتی سنووری ناتوانن وێڵ بکەن، بە دەیان جار لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی تورکیاوە تەقە کراوە لە مەڕو ماڵاتیان و مەڕەکانیان کوژراون و هەڕەشەی کوشتنی ئاژاڵدارانیان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئەم گوندانە بە دەیان جار سەردانی بنکە سەربازییەکانی حکوومەتیان کردووە و سکاڵایان لە خراپی دۆخەکە کردووە، بەڵام حکوومەتی ئێران تا ئێستە هیچ چەشنە دژکردەوەیەکیان لەم بوارە نەبووە و بێدەنگ بوون.
بێدەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارە وە دەتوانێ مۆرێکی پەسەند بێت لە سەر ئازار و قڕکردنی زۆرتری ئاژەڵداران لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی تورکیا و لێوەرگرتنەوەی ئاسایش لە خەڵکی ئەم ناوچانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان