تەشەنەی بەربڵاوی کوڕۆنا/ حکوومەتی ئێران یاری بە گیانی خەڵک دەکات

KMMK:

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای جێبەجێ نەکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی لە پێناو سڵامەتی خەڵک، گیانی ملوێنان مرۆڤی خستۆتە مەترسییەوە و لە پێوەندی لە گەڵ پێشگرتن لە تەشەنەی ڤایرۆسی کوڕۆنا بڕوانامەیەکی ڕووخێنەر و تێکشکاوی لە خۆی نیشان داوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ناسینی هەندێ کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کوڕۆنا، حاشای لە هەبوون و تەشەنەی ئەم ڤایرووسە دەکرد و ئەمە هۆکاری پەرە گرتن و تەشەنەی ئەم ڤایرووسە مەرگ هێنەرەی ڕەخساند.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم و گردبوونەوەی گەورە لە لایەن حکوومەتەوە هاوکات بوو لە گەڵ تۆماری چەندد حاڵەتێکی تووشبوو بەم ڤایرۆسە و هۆکاری تەشەنەی زۆرتری لە هەندێ لە شارەکانی قوم ، تاران و شارەکانی باکووری ئێران.
پاش مردنی ڕێژەیەکی زۆر لە تووشبوان لە شاری قوم خەڵک، دامەزراوە مەدەنییەکان و زۆرێک لە پزیشکان خوازیاری کەرەنتینەی ئەم شارە بوون، حکوومەتی ئێران بەدەر لە کەرەنتینە نەکردنی ئەم شارە، زۆرینەی مەلا و فەقێکانی ڕەوانەی شارەکانی دیکە کرد و بە ئاشکرا هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی لە ناوچەکانی دیکەو بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاند.
ئەمە لە کاتێکدایە بێهداشتی جیهانی بە ئاشکرا ئەرکی دەوڵەتەکانی لە پێناو تەندرووستی خەڵک ئەرکی سەرەکی و بێ ئەملاو ئەولای حکوومەتەکان ڕاگەیاند.
ڕێساکانی بێهداشتی نێودەوڵەتی پەسەندکراوی ۱۹۶۹ لە کۆبوونەوەی کۆی گشتی ڕێخراوی جیهانی بێهداشت، ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە پەرە ئەستێنەکان بە ئەرکی دەوڵەتەکان دەزانێ.
شیاوی باسە کە ڕێساکانی بێهداشتی بەپێی تەشەنەی نەخۆشییە پەرە ئەستێنەکان لەمانگی مەی ۲۰۰۵ پێداچوونەوەی لە سەر کرا و لە هەشتەمین کۆبوونەوەی کۆی بێهداشتی جیهانی پەسەند کرا.یەکێک لە بنەچەکانی

پەسەندکراوی ئەم ڕێسایانە جێبەجێ کردنی کەرەنتینە و ئەرکی دەوڵەت لە پێناو دابین کردنی پێویستییەکانی خەڵک لە سەردەمی کەرەنتینەیە. کۆماری ئیسلامی ئێران ـیش ئەم ڕێسا بێهداشتییە جیهانیانەی پەسەند کردووە و لە یاسای بنەڕەتی خۆی بەندگەلێکی بۆ ئەم مژارە گرنگ تەرخان کردووە.
بە پێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دەوڵەت ئەرکدارە: لە ئەگەری ڕوودانی دۆخی قەیراناوی ل بواری بێهداشتی و دەرمانی ئەرکەکان ڕابپەڕێنێ و ڕێنموونیەکان پێشکەش بکات، کە کۆی گشتی بریتییە لە: تاوتوێ کردنی ناوچەی خەڵتان بە ڤایرۆس؛تاوتوێ کردنی بەڵگەکانی پشکنینی پزیشکی وئەو تاقیکاریانەی بە ئەنجام گەیشوون؛
ئەنجامی پشکنینی پزیشکی؛ لە ژێر چاوەدێری دانانی کەسانی گومان لێکراو لە ڕوانگەی بێهداشتی گشتییەوە؛ جێبەجێ کردنی کەرەنتینە یان دیکەی ڕێنموونییە بێهداشتییەکان بۆ کەسانی گوماناوی؛شوێن هەڵگرتنی ئەوانەی نێزیک کەسانی تووشبوو یان گومانلێکراو کەوتوون؛ ڕێگری لە هاتووچۆی کەسانی تووش نەبوو بۆ ناوچەی خەڵتان و پیس بوو؛ بە ئەنجام گەیاندنی دەسپێشخەری بێهداشتی بە مەبەستی سڕینەوەی پیسایی ڤایرۆس؛ جۆی کردنەوە و کەرەنتینە و ئەنجامی ئەوەی کە بە پێی یاساکان و پەسەندکراوەکانی ڕێخراوی بێهداشتی جیهانی کە پاراستنی بۆ هەموو دەوڵەتانی ئەندام پێویستییە.
ئەگەر کوو دەوڵەتەکان لە شار یان ناوچەیەک لە وڵاتەکەی و بەهۆی گشتگیری نەخۆشی و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵی ناچار بە سەپاندنی کەرەنتینە بن ئەو دەوڵەتانە ناچارن کە پێداویستی گشتی وەکوو: نان و خۆراک بە شێوەی خۆڕایی بە خەڵکانی کەرەنتینە کراو پێشکەش بکەن و بۆ یارمەتی دانیان ڕۆژانە بڕێک پارە بدەن بە بنەماڵەکان.
بەدەر لەوەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچکام لە بابەتانەی باسمان لێکردن جێبەجێ نەکردووە، بۆ خۆی ڕۆڵێکی بەرچاو و ئاشکرای هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤایرۆسە.

تەنیا سەرنموونێکی بەردەوامی هاتوچۆ و فڕین بۆ وڵاتی چین کە شوێنی سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە بووە.بابەتێکی دیکە شاردنەوەی ئەم ڤایرۆسە بۆ ماوەی دوو مانگ لە خەڵک و حاشا لێردنی، جێبەجێکردنی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی بوو کە لە گەڵ بایکۆتی گشتگیری خەڵکیش ڕووبەڕوو بوویەوە و کەمتر لە بیست لە سەت لە خەڵک تێیدا بەشداریان کرد.لە حاڵەتێکدا بڕوانامەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا بە پێی چۆنیەتی ڕێوەبەری ئەم حکوومەتە لە پێناو ڤایرۆسی کوڕۆنا لە بەر چاو بگیردرێت، بە ئاشکرایی دەتوانی نیشانی بدەی کە ئەم حکوومەت بە تەواوی تێکشکاوە و لە دۆخی قەیراناویدا بە هیچ شێوازێک ناتوانێ گیان و تەندرووستی خەڵ بپارێزێ.
ئەم حکوومەتە تەنیا بۆ بەردەوامی هێرشە تیرۆریستییەکانی خۆی لە سوریا چەندد میلیارد دۆلاری سەرف کردووە و بووجەی لە ڕادەبەدەر تەرخان دەکات بەڵام لەم قەیرانە کە گیان و تەندرووستی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەترسی تەواودایە، ئامادە نەبووە بووجەیەک تەرخان بکات.
شیاوی باسە کە ئەم حکوومەت تەنانەت لە ڕاگەیاندنی ڕێژەی دروستی گیان بەخت کردووان و تووشبوانی بەم ڤایۆسە خۆ دەبوێرێ و ئامادە نییە ڕاگەیاندنی گشتی زدات.
بە پێ ئاماری نافەرمی لانیکەم ناوبەری ۲۰بۆ ۳۰ هەزار کەس تا ئێستە گیانیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان