هەڕەشەی هێرشکردنە سەر عەدنان ڕەشیدی‌/ گیانی ناوبراو لە مەترسی دایە

KMMK:
دوابەدوای هێرشی چەند چەکدارێک بۆ سەر چالاکڤان و ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان عەدنان ڕەشیدی و تێپەڕبوونی نێزیک بە ۲۰ ڕۆژ بەسەر ئەو هەوڵە تیرۆریستییەدا و پێشڤەچوونی بەرچاوی دۆسیەکەی لە لایەن پولیسەوە، بەڵام دۆسیەکەی لەژێر هەڕەشە و گوشاری هێزێکی باڵادەستەوە ڕاوەستاوە و رێگەی لێکۆڵینەوەی زیاتری لێ بەسترا.

لە سەر ئەو ئەساسە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان گەیشتە ئەو بڕیارە کە ئەو پلان و قۆمپلۆیەی کۆماری ئیسلامی کە لە سەر عەدنان ڕەشیدی بەڕێوە دەچێ ڕسوا بکا و هۆشیاری بداتە هەموو لایەک و پلانەکەیان ئاشکرا بکا.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان دوای دووپات بوونەوەی هەڕەشەکان لە سەر ئەم ڕۆژنامەوانە بە پێویستی زانی دستی نەیاران روو بکا و پلانەکەی کۆماری ئیسلامی کە تیرۆری کەسایەتی و سیاسی چالاکوانانی ئامانجە ڕسوا بکا.

لە سەر ئەو ئەساسە ڕادەگەیەنین کە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە لایان بەرپرسێکی باڵا و دەست رۆیشتوو هەڕەشە لە عەدنان رەشیدی کراوە کە گەر سکاڵاکەی لانەبا و رەزایەت بە گیراون نەدا و پلانی داڕێژراوی ئەوان لە سەر خۆی قەبووڵ نەکا لە لایان ئەوانەوە هێرش دەکرێتە سەری.
ئەو هەڕەشە و گوشار خستنە لە کاتێک دایە کە چەند تاوانبارێکی دیکەی دۆسیەکە بۆ وێنە ژنێک کە دەوری سەرەکی هەبووە لەم هەوڵە تیرۆریستیە تا ئێستە دەسبەسەر نەکراون.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ بەرپرسێکی چەکدار لە ڕێی تلەفوونەوە هەڕەشەی لە عەدنان ڕەشیدی کردووە کە ئەگەر تا ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێری ۱۰ی سەر لە بەیانی ۲۹ی ماڕس ڕەزایەت بەو تاوانبارانە نەدات کە گیراون هێرشی دەکرێتە سەر.

لە لایەکی دیکەوە بە هۆی ئەو دۆخەی لەبەر وایرۆسی کڕۆنا بەسەر هەرێمی کوردستان دا سەپاوە، عەدنان ڕەشیدی نەیتوانیووە دەستی بە پارێزەر بگات و تەنانەت نەیتوانیووە پشکنین بۆ باری تەندرووستی لەشی خۆی و بەتایبەت سەری بکات و لە هەموو لایەک ڕێگای لێ بەستراوە و هەر جارە و لایەنێک هێرشی هەڕەشەی لێدەکات و داوای تەسلیم بوونی لێدەکرێ، سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕۆژنامەوانە هێرش کراوەتە سەر خۆی و بنەماڵەکەی و بە قیزەوەنترین شێوە ئازاردراون تا ڕادەیەک کە نەیاران بە ئازار و بریندارکردنی ئەم ڕۆژنامەوانە ڕازی نەبوون و تەنانەت ڕووحمیان بە ئەو منداڵە چکۆلەش نەکردووە و بە هێنانی منداڵەکە(کوردستان) و ئازاری دایکی و لێدان لە باوکی لە بەر چاو ئەم منداڵە ئەم چالاکوانەیان مەجبور بە تەسلیم کردنی کەل وپەلی ڕۆژنامەوانی خۆی وەک موبایل، کۆمپیوتێر، هاڕد، ژوومارەی تەواو ئەو کەسانەی وەک سەرچاوەی خەبەری لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ڕێگەی ئەم چالاکەوە دەگەڵ کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە پێوەندی بوون کردووە.
کە چی بەمەش ڕازی نەبوون تەمایانە بە گۆڕینی کەیسەکە لە سیاسی بۆ کۆمەڵایەتی جێ پێی خۆیان بسڕنەوە و ئەم چالاکوانە بە یەکجاری بێدەنگ کەن و بەتەوای لە بواری سیاسی و کەسایەتی و جەستەییش لە ناوی ببەن. هەموو لایەنەکانی بەشدار لەم پلانە نامرۆڤانەیە دەستیان داوەتە یەک و بە هێزی دەسەڵات و چەک و پێوەندی گوشاریان خستۆتە سەر ئەم ڕۆژنامەوانە و دەیان هەوێ تەسلیمی ئەوان بێ و دەست لە مافە ڕەواکانی خۆی هەڵبگرێ، هەربۆیە بە تێوەگلانی ژنێک لەم دۆسیەیە دەخوازن زەبر لە کەسایەتی ناوبراو بدەن.

هەربۆیە کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان گشت لایە ئاگادار دەکاتەوە لە ئەگەری هەر هەڵوێستێکی هەڵە کە مەترسی گیانی، کەسایەتی بۆ سەر ئەم ڕۆژانەمەوانە هەبێ، فایلی دەنگی ئەو ژنە کە بەشدارە لەو کارەساتە و دەستی هەبووە لە ڕفاندنی هاوژین و منداڵ و ئەشکەنجەی عەدنان رەشیدی، بە دەنگی خودی ئەو ژنە کە خۆی دانی بەوە دانانەوە کە ئەوە پلانێکی داڕێژراوە، لەبەر دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دایە و بە ئاشکرا و روونی ئەو ژنە لە وێدا دەڵێ ‌” کە من لە ژێر گوشاری چەندد کەسێک لەم دۆسیەوە بەشدار بووم و ئەوەی کە دەیانهەوێ من بیڵێم و کردوومە هیچی خواستی خۆم نییە و دوورە لە ڕاستیە”.

لە ڕۆژی شەممە عەدنان رەشیدی بانگهێشتی دادگا کرا و ئەو ژنەیش بانگهێشت کرا، بۆ ئەوەی حەقیقەت زیاتر دەرکەوێ. ئەو ژنە لە ترسی ئەو گوشارانەی لەسەریەتی پێچەوانەی ڕاستییەکان دەدوێت و رێک بەپێچەوانەی فایلە ویدیۆیەکە و هەر وەک لەو فایلەدا دەڵێت، بۆ پاراستنی گیانی خۆیی دوبارە بەشداری دەکات لەو تاوانە و درۆ دەکات و حازر نابێت راستی بابەتەکە بێنێتە سەر زمان .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زانیاری لە بەردەستدایە کە ئەم ژنە بە دزیەوە سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە و تەنانەت هەم خۆی و هەمیش هاوژینەکەی لە شاری مەریوان خانویان کڕیووە و ماڵی باشووریشیان داناوە بۆ فرۆشتن و هاوکات لە سەردانیان بۆ ئێران سەردانی ئیتلاعاتیان کردووە و گەڵاڵەی ئەم تیرۆرە لە لایەن ئیتلاعاتەوە داڕێژراوە.
پێویستە بکوترێ کە چەندد کەسێکی لایەنێکی ئەمنی باشووری کوردستانیش تێکەڵاوی ئەم دۆسیەن و ئەو کەلەبچانەی لە هێرشەکە دا بەکاریان هێنراون هی ئەو لایەنە ئەمنیەیە و لە کاتی ئەشکه‌نجەدانی ئەم ڕۆژنامەوان و هاوژینەکەی هەڕەشەی گوازتنەوە بە ئۆتۆمبێلی هەر ئەو هێزە ئەمنییانەی لێکراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ دیسانەوە داوا لە هەموو لایەنە بەرپرسەکان دەکات، نەکەونە داوی سناریۆ و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و داوا لە لایەنی پێوەندیدار و ئەم دۆسیەیە دەکا پشت لە ڕاستی نەکەن و ڕێگر نەبن لە پێشڤەچوونی دۆسیەکە، بۆ ئەوەی ئێمەیش ناچار نەبین هەموو ناو و لایەنەکان ئاشکرا بکەین و بیکەین بە کەیسێکی نێودەوڵەتی و هەستی گەلەکەمان لەوە زیاتر بریندار نەکرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان