کۆڵبەرێکی سەردەشتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوو

KMMK:

بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی سپای پاسدارانی حکومەتی ئێران بەتەقە کردن لە کۆڵبەرێک بەناوی محەممەد قادری لە خاڵی سنووری شاری سەردەشت، ناوبراویان بریندار کرد.

بە گوێرەی هەواڵەکە هێزەکانی سپای پاسداران لە خاڵە سنوورییەکانی سەردەشت بۆسە بۆ کۆڵبەران دادەنێن و پاش پێوەبوونی کۆڵبەران بەر دەسڕێژیان دەدەن.
لەم بۆسەیەدا محەممەد قادری بەهۆی بەرکەوتنی فیـشەک بریندار دەبێت.
ئەم کۆڵبەرە سەردەشتییە بۆ چارەسەری بۆ یەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی ورمێ ڕادەگوێزرێت. دۆخی تەندرووستی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۳٤ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکداری و سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بوون کە بە هەژماری ئەم ڕووداوە ڕێژەیان بە ۳۵ کەس گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان