دۆخی تەندرووستی عەدنان ڕەشیدی ناجێگیرە

KMMK:

بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دۆخی تەندرووستی و جەستەیی عەدنان ڕەشیدی، چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ناجێگیر و قەیراناوییە.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ ڕۆژی ۲۱ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، کەوتبووە بەر هێرش و پەلاماری چەند کەسی نەناسراو و دەمامکدار. لە ئەنجامی ئەم پەلامارە ناوبراو تووشی درز بردنی سەر، شکانی دەست و شین بوونەوەی تەواوی لەشی بووە.
ئەوڕۆ شەممە ۲۴ی ڕەشەممە، لە یەکەم پشکنینی پزیشکی لە پێنجوێن باشووری کوردستان، دەرکەوت کە ناوبراو کە دەستی بە تەواوی شکاوە و پاش پشکنین لە گێچیان گرتووە.
پزیشکەکان پاش پشکنینی ناوبراو ڕایان گەیاندووە کە شیمانەی زەبری مێشکی دەکرێ، بەڵام چون نەخۆشخانەی شاری پێنجوێن بچووک، توانی پشکنینی پسپۆڕانەی نییە و پێویستە ناوبراو سەردانی نەخۆشخانەی شارەکانی دیکە بکات.
بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، ناوبراو لە رۆژدا چەندین جار لەهۆش دەچێ و لە دۆخێکی مەترسیدار دایە.
بەپێی زانیارییەکان، چوارشەممە ۲۱ی ڕەشەممە چەندد کەسی نەناسراو و دەمامکدار هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی عەدنان ڕەشیدی، دەسپێک هاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی وەکوو بارمتە دەگرن و پاشان دەگەڕێنەوە ئەو ماڵەی کە عەدنان ڕەشیدی تێدایە و هێرش دەکەنەوە سەری و دەیدەنە بەر لێدان و کوتەک.
هاوژین و منداڵە بچکۆلەکەی ئەم چالاکە مافی مرۆڤیە کە وەکوو بارمتە ڕفێندرابوون، پاش لێدانی گرانی بەڕێز ڕەشیدی و دەستڕاگەیشتن بەو زانیاریانەی کە دەیانهەویست، ئازاد کراون.
ئەو کەسانە هەڕەشە لە بەڕێز ڕەشیدی دەکەن کە لە پێوەندی لەگەڵ بارمتە گرتن، کوتەک و لێدان و ئەو هەڕەشانەی کردوویانە بێدەنگ بێت و هیچ نەدرکێنێ.

عەدنان ڕەشیدی لە چالاکانی ناسراوی بواری مافی مرۆڤ و لە ئەندامانی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە، ناوبراو چەندین ساڵ لە ئێران بە هۆکاری چالاکییە مەدەنییەکانی لە زیندان بووە، لە باشووری کوردستان دەسبەسەر و مەترسی دیپۆڕتی بۆ ئێران لەسەر بووە. چەندین جار حکومەتی ئێران هەوڵی تیرۆری ناوبراوی داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان