دۆخی نالەباری پەنابەران لە سنورەکانی یۆنان و تورکیا

KMMK:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیوەندی و وتووێژ لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە لە سنوورەکانی نێوان تورکیا و یۆنان ماونەتەوە، زانیاری زۆرمان دەست کەوتووە کە دەردەخات چۆن ئەم پەنابەرانە بونەتە قوربانی سیاسەتە دژ بە مرۆڤیەکانی تورکیا و یۆنان و یەکیەتی ئەوروپا.
لە لایەکەوە تورکیا وەک چەک و هەڕەشە دژ بە ئەوروپا بەکاریان دێنێت و بە زۆر دەیاننێرێت بۆ سنورەکانی یۆنان. لە لایەکی ترەوە یۆنان و وڵاتانی ئەوروپایی ئەم پەنابەرانەیان کردوەتە ئامانجی چەکی فرمێسک ڕێژ و لێدان و توندوتیژی و… ئێزنیان نادرێتێ بڕۆنە نێو خاکی یۆنان.
لە تورکیا لەو ماڵانەی کە بەکرێیان گرتون دەر دەکرێن و شتومەکەکانیان دەبەن یا دەدزن، لە هەموی خراپتر گروپگەلێک لە تورکەکان هێرش دەکەنە سەر پەنابەران و بەرەوڕوی لێدان و ئەشکەنجەیان دەکەنەوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتون لە سەرچاوە خۆجێیەکان، بڕی ۱۲۰۰۰ پەنابەر لە گەلانی جیاواز لە سنوری نێوان تورکیا و یونان گیریان کردوە، لەم رێژەیە نزیکەی ۲۰۰ بۆ ۳۰۰ کەسیان کوردن.
لە رۆژانی رابردودا ئەم پەنابەرانە چەندین جار کراونەتە ئامانجی هێرشی هێزەکانی هەردوولا واتە تورکیا و یۆنان و لەم هێرشانەدا بەدەیان کەس بریندار بوون. بە پێی وتەی یەکێک لە ئەوکەسانەی کە لەوشوێنادایە، کەسێک گیانی لەدەست داوە.
هەلومەرجی ژنان و منداڵان زۆر سەختە، شەو و رۆژ دەبێت گازی فرمێسک رێژ هەڵبمژن و دەکەونە بەر پەلاماری ئەم دوو وڵاتەی ناویان براوە.
ئەم پەنابەرانە شەو و رۆژ لەو شوێنانەی دەمێننەوە کە بە نایلۆن بۆ خۆیان دروست کردووە و بە داگرساندنی ئاگر خۆیان گەرم دەکەنەوە. هیچ چەشنە پێداویستیەکی سەرەتاییان نادرێتێ و لە هەلومەرجی زۆر ئەستەمدان.
حکومەتی تورکیا لە کارتی پەنابەران وەک چەک دژ بە ئەوروپا بەکار دێنێت بۆ ئەوەی بەم شێوەیە بتوانێت پشتگیری سیاسی و یارمەتی ئابوری بۆ هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و سوریا بەدەست بێنێت. هەوڵێک کە بەهەمو شێوازێک ئێدانەیە. هاوکات ئەوروپاش لە بری پەنابەران یارمەتی تورکیا دەدات و لەبەرانبەر جەنایەتەکانی ئەم وڵاتە لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا بێدەنگن.
پەنابەران خوازیاری یارمەتیەکانی ناوەند و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤین و دەڵێن ئێستا کاتی ئەوەیە کە یارمەتیمان بدەن و ئێمە لەم هەلومەرجە رزگار بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان