کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: دەسبەسەری دایه زەینەب لە ئەندامان دایکانی ئاشتی کوردستان مەحکووم دەکەین

KMMK:

دایە زەینەب لە دایکانی ئاشتی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە ۸ی ڕەشەممە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری دێولان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترا.

دایکێکی شەست ساڵ تەمەن کە منداڵەکەی “محەممەد ئەمین ئەمیری” لە شەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) و لە بەرگری کردن لە کۆبانی لە ڕۆژئاوا لە دەست دا و پاش ئەوە بۆ هێنانەئارای ئاشتی لە کوردستان هاوڕێ لە گەڵ دایکانی ئاشتی کوردستان دەستی دایه ئەرکی مرۆیی.
ناوبراو لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە لە ماڵەکەی دەسبەسەر و وێڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکەی لە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی هیچ زانیارییەک وەدەست نەکەوتووە.

بە لە بەرچاو گرتنی هەوڵەکانی دایکانی ئاشتی کوردستان بۆ هێنانەئارای ئاشتی کە خاڵی پێچەوانەی سیاسەتەکانی سیستەمی دەسەڵاتە کە ناوەڕۆک و بەردەوامی خۆی لە هەڵگیرسان و بەردەوامی شەڕ و …دەبینێتەوە، مرۆڤ بەو ئەنجامە دەگات کە ئەم حکومەتە لە هەوڵە مرۆییەکانی دایکانی ئاشتی دەترسێ و بە دەستبەسەری دایکێک کە خوازیاری هێنانە ئارای ئاشتییە ،هەوڵی کپ کردنی دەنگی ئاشتی لە کوردستانی هەیە.
بەم هەوڵەی حکومەت دەنگی ئاشتی تێک ناشکێت و ئاشکرایە دایکانی ئاشتی کوردستان تا دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجە مرۆییە درێژە بە هەوڵەکانیان دەدەن و ئێمە وەکوو دامەزراوەیەکی مافی مرۆیی لە ویست و داواکاری ئەوان کە ئاشتییە بۆ مرۆڤایەتی بەرگری دەکەین.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم هەڵسووکەوتە ‌گەمار و دڵڕەشانەی دامەزراوە ئەمنی و قەزاییەکان لە پێناو دایکێکی ئاشتی مەحکووم دەکات و خوازیاری ئازادی بێ مەرجی زەینەب ئیسماعیلیە و داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئازادی خێراتری ئەم دایکی ئاشتیی کوردستانییە بخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان