مەریوان؛ تەقەی ئەندامێکی ئیتلاعات لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوێکی مانگی خەزەڵوەر

KMMK:

دووشەممه ۵ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی، گەنجێک بەناوی “کەیوان نیک پەی” تەمەن ۳۳ساڵ و کوڕی ڕەحیم خەڵکی گوندی نێ بە تەقەی یەکێک لە ئەندامانی ئیتلاعاتی ئێران لە مەریوان بریندار بوو.

بە گوێرەی هەواڵی سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو: ئەو‌ گەنجە لەگەڵ براەی سەردانی کەسێک بەناوی‌ کاوە کۆنەپۆشی ــ سەرهەنگی سپای پاسداران دەکەن که لەلایەن خاوەن ماڵەوە، کوڕ و هاوژینی ئەم کەسەوە بە سێ چەک تەقەیان لێدەکرێ کە برینداربوونی کەیوان نیک پەی لێدەکەوێتەوە.

هەروەها لە درێژەدا دەڵێ؛ کەیوان نیک پەی هاوڕێ لەگەڵ خالید نیک پەی واتە براکەی بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی ئامانج نیک پەی کوڕی خالید کە لە ڕەوتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی مانگی خەزەڵوەر دەسبەسەر و تا ئێستە لە دۆخێکی ناڕووندایە، دەچنە بەر دەرکی ئەم سەرهەنگەی سپای پاسداران کە لە لایەن ئەندامانی بنەمالەی ئەم کادرە ئەمنییەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەدرێنە بەر تەقە.
سەرچاوەکه ئاشکرای دەکات؛ ئەم سێ کەسە بە سێ چەکی دەمانچە، کڵاشینکۆف و تاپڕ بەرەو ئەو کەسانە تەقەیان کرد کە چوبوونە بەر دەرکەیان کە فیشەکی یەکێک لە چەکەکان بەر کەمەری کەیوان نیک پەی دەکەوێ و لە نەشتەرگەرییەکدا فیشەکەکە لە جەستە دەردەهێنرێ و چارەسەری بۆ دەکزێ.
بە پێی سەرچاوە خۆجێییەکان کاوە کۆنەپۆشی هۆکاری نوێ کردنەوەی دەسبەسەری ئامانج نیک پەی چالاکی مەدەنی دەسبەسەرکراوە.
کەیوان نیک پەی پاش نەشتەرگەری بۆ ماڵەوە دەگوازرێتەوە و هەنووکە ڕەوشتی تەندرووستی ڕوو لە باش بوونە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان