ئارمان وەفایی ئازاد کرا؛ ماوەی دەستبەسەری ئەکبەر گەوێڵی درێژ کرایەوە

KMMK:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی چوارشەممە ۲۳ی ڕێبەندانی ۲۷۱۹ی کوردی، ئارمان وەفایی چالاکی مەدەنی خەڵکی ســنە پاش نێزیک بە ۳ مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ۲۰۰ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە ژینگەپارێز و ئەندامی لقی کوردستانی حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی (وحدت ملی) ۲۸ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، دەستبەسەر کرا.

لە لایەکی ترەوە، ماوەی دەستبەسەری ئەکبەر گەوێڵی چالاکی مەدەنی و زیندانی سیاسی لە مێژینە، بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە. ئەکبەر گەوێڵی ۱۶ی سەرماوەز پاش ئامادەبوونی لە دادگای حکوومەت لە سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

شیاوی باسە: چالاکانی مەدەنی دیکە، لەیلا تیرئەندازی (هاوژینی ئارمان وەفایی)، فەریدە وەیسی، سیرووس عەباسی، ئازاد عەباسی، فەردین مورادی، مادێح ئەحمەدی و سابیر قادری هێشتا لە دەستبەسەری هێزە ئەمنییەکاندان و زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسیان بەدەستەوە نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان