KMMK:
مەحیەدین ئیبراهیمی ۴۱سال تەمەن و خاوەنی دوو منداڵی کەمئەندامی زێهنی یە. ڕێکەوتی ۱۲ی خەزەڵوەری ۲۷۱۷ی کوردی لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری و گواستنەوەی کەلووپەل لە ڕێی ئێسترەوە لە ناوچەی سنووری شنۆ بوو لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر و پاشان ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا.
عوسمان موزەییەن پارێزەری ئەم زیندانییە لەم بارەوە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ووت: ” ئەو دەمەی پارێزەری دۆسیەی بەڕێز مەحیەدین ئیبراهیمی ـ یم هاوڕێ لە گەڵ هاوپیشەکەم بەڕێز مازیار تاتایی لە ئەستۆ گرت ناوبراو لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە دووجار ئێعدام مەحکووم کرابوو.
مەحیەدین دەسبەسەری خۆی بەم شێوەیە گێڕایەوە: من سەرقاڵی کۆڵبەری بووم و بە تۆمەتی هەڵگرتنی خواردنەوە ئەلکولییەکان لە سنووری شــنۆ لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرام.
کاتی دەسبەسەری من هەندێ چەک و چۆڵ لەو دەوروبەرانە دۆزرابوویەوە کە لە تاریکی شەودا من ئاگام لێنەبوو و تۆمەتی هێرشی چەکیان لێدام؛ بەڵام من جگە لە خواردنەوە(مشروب) هیچ چەکێکم پێ نەبوو.”
بەڕێز موزەییەن لە درێژەدا دەڵێ: ” پاش دیاری کردنی حوکم لەسەر دووجار ئێعدام و زیندان و سزای نەخت وناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر ئەو حوکمە، لقی ۱۶ی دیوانی باڵای ووڵاتی ناتەواو و بەهۆی تۆکمە نەبوونی لێکڵینەوەکان لە چەندد بوارێکەوە بۆ وێنە لێکۆڵینەوە لەمەڕ بەکار هێنانی چەک و پیشیەی پارێزراو، ،بڕیار بوو لێکۆڵینەوەی سەرلەنوێ جێبەجێ بکرێت.گەرچی تاقی کردنەوەی چەک لەمەڕ کەڵک لێوەرگرتنی، تا ئێستە جێبەجێ نەکراوە؛بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دادگاوە لە دادسەرای شنۆ هاتە ئاراوە ولەسەر داوای دادگا و دادسەرا هەندێ لە کەموکوڕییەکانی ڕاگەیەندراوی دیوانی باڵای ووڵات لانران.وێڕای سڕینەوەی حوکمی ئێعدام لە لایەن لقی ۱۶ی دیوانی باڵا، لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ لە پێداچوونەوەی دووپاتە دیسانەوەی حوکمی ئێعدامی دیاری کردووە؛ بەڵام ئەمجارە پارێزراو مستەحەقی تەنیا جارێک ئێعدامە و دوو ساڵ زیندان و دانی سزای نەخت بەڕێژەی ۷۰۰ ملوێن تمەن بەراوەرد کراوە.”
مەحیەدین ئیبرایمی لە کۆتاییدا بەفرانباری ئەمساڵ ، لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلاب لە ورمێ بە تۆمەتی”بەغی” بە ئێعدام و دووساڵ زیندان و حەوت سەد ملوێن تمەن غەرامەی نەخت مەحکووم کرا.
ئەم زیندانییەی خەڵکی شنۆ کاتی دەسبەسەری لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانجی ڕاستەوخۆ و هەردوو پێی بە گرانی بریندار بوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان