مەریوان / لە سناریۆیەکی ساختە چەند قەسابێکی خەڵکی گوندی نێ بە زیندان حوکم دران

KMMK:

شەممە ۲۸ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، کۆمەڵێک قەسابی کاسبکاری خەڵکی گوندی نێ سەربە شاری مەریوان ، لە حوکمێکی زیندانیدا کە لە دۆسیەیەکی هاوبەش بۆیان دیار کرابوو خۆیان بە زیندانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوان ناساند.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە لایان سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو؛ ناونیشانی کەسانی مەحکووم کراو بەم شێوەی خوارەوەن:
خالید و عیرفان پەروازە،  فاتح و محەممەد پەروازە،  عەبدوڵڵا پەروازە،  ئەسعەد پەروازە و وەفا بەدەخش کە هەرکامیان ۶ مانگ زیندانیان بە سەردا سەپێنراوە.

بە پێی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی متمانە پێکراوەوە؛ ئیدارەی پزیشکی ئاژەڵانی پارێزگای سنە لە شێوازی کوشتنی ئاژەڵان و ئەو گۆشتانەی دەدرێنە بازاڕ لە قەسابییەکانی ئەم گوندەوە سکاڵایان هەیە و لەو بڕوایەدان کە گۆشتی ناتەندرووست بە بەرهەمخۆران(مصرف کنندە) دەدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی شاری مەریوان و زۆرینەی شارەکانی پارێزگای ســنە و پارێزگاکانی دەورووبەری ساڵانێکی دەمدرێژە کە لەو گۆشتانەی لەم گوندەوە دەدرێتە بازاڕ کەڵک وەردەگرن و لەم ماوەیەشدا تەنانەت جارێک ناڕازی نەبوون و سکاڵا ئاراستەی ئەم کاسبکارانە نەکراوە.

شیاوی باسە قەسابی و گۆشتی تازەی ئاژەڵ لە گوندی نێ، ماوەیەکی دەمدرێژە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هاتنی گەشتیاران و خوازیارانی گۆشتی نوێیە بۆ مەریوانە. دامەزراوە حکومییەکان هەر دەم و جارێک بە هۆکاری پڕوپووچ دۆخی ژیان لەسەر خەڵکی ئەم گوندە دژوار و ئاستەنگتر دەکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان