تەقینەوەی مین لە مێهران برینداربوونی دوو کەسی لێکەوتەوە

KMMK:

شەممە ۲۸ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، تەقینەوەی مین لە شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام برینداربوونی دوو کارمەندی مین هەڵگری لێکەوتەوە.
ئەم تەقینەوەیە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەمە هاتۆتە ئاراوە کە لە ئەنجامدا کرێکارێکی مین هەڵگرەوە بە ناوی” حوجەت کارگر” خەڵکی دێلۆڕان ڕوخساری بریندار دەبێ و شۆفیری بێڵی میکانیکیەکەیش شەپۆلی دەنگی بەرکەوتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو کەسەکە خەساری گرانیان بەر کەوتووە وهەر بەو هۆیەوە بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هێشتا هیچ زانیارییەک لەمەڕ ناونیشانی شۆفیری بێڵ میکانییەکە ئاشکرا نەکراوە.

شیاوی باسە کە شاری دێلۆڕان لە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لەو ناوچانەیە کە زۆرترین مینی چێنراوی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران وعێراقی تێدایە و هێشتا خاوەنی گەورەترین گۆڕەپانی مینی چێنراوە.
تەقینەوەی مینە بەجێماوەکان ، ساڵانە قوربانی زۆری لە کوردستان لێدەکەوێتەوە و کەسانێکی زۆر بە هۆی تەقینەوەی مین کەمئەندام بوون یان گیانی خۆیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان