پەرویز ناسری لەدەست‌بەسەر کراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

KMMK:

پێنج شەممە ٢٦ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی، پەرویز ناسری کە لە خۆپیشاندرانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست‌بەسەر کرابوو، لەلایەن بەشی ۲ی دادگەی ئینقلابی کۆماری ئێران لە شاری ورمێ سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندە ئیتلاعاتیەکان و دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم شارۆمەندی شاری ورمێیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان( پەژاک) بە  پێنج ساڵ بەندکردن سزا داوە.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو: دانیشتنی دادگەی ناوبراو بە بێ ئاگادار کردنەوە و بوونی پارێزەری یاسایی ناوبراو لە دادگەی ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ و بە دادوەری دادوەر عەلی شێخ لوو بەڕێوە چووە.

 جێگای ئاماژەیە کە: پەرویز ناسری لە بڕواری شەممە ۹ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەو دەست بەسەر کراوە و پاش تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەو لە گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنییەتیەکانەوە بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان