دەسبەسەری و بانگهێشتی ژنانی چالاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دامەزڕاوە ئەمنییەکانەوە

KMMK:

ڕۆژی شەممە ۲۳ی سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی، خاتوو شیوا موجەڕەد لە چالاکانی مەدەنی دانیشتووی ورمێ لە ڕێی کورتە نامەیەکەوە لە لایەن سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگهێشت کرا.

پێشتر خاتوو موجەڕەد لە ڕێکەوتی ۵ی سەرماوەز لە ماڵی بابی بە تۆمەتی تێکدانی بیرو ڕای گشتی لە ڕێی بەشداری لە ناڕەزاییەکان لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و ڕۆژی دواتر بە دانانی بارمتەی ۱۰۰ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لە لایەکی ترەوە لە خوڕەم ئاوا پاڵەوانی زۆرەبان بە وەرگرتنی خەڵاتی بۆڕۆنزی جیهان و ئەندامی تیمی ئێران لە کێ بە کێی جیهانی قەزاقستان، خاتوو مەعسوومە سلێمانی لە یەکەم ڕۆژەی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر کرابوو و تا ئێستە چارەنووسێ نادیارە.

شیاوی باسه ؛ لە ڕەوتی ناڕەزایی دەربڕینە گشتگیرییەکانەی ئێرانو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەیەکی زۆر لە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر و کەوتۆنەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە کەلە شوێنی ڕاگرتنی ئەوان زانیارییەک دەست نەکەوتووە و چارەنووسی ئەوان نادیار و تەم و مژاوییە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان