ئارمان غەفووری گوازرایەوە بۆ زیندان

KMMK:

پێنج شەممە ۲۱ سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی، ڕۆژنامەوان و چالاکی ژینگە کە لە لایەن سیستەمی قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو، گوازرایەوە بۆ زیندانی حکوومەت لەم شارە.

نووسینگەی جێبەجێ کردنی حوکمەکان، بانگهێشتی ناوبراوی کردووە بۆ تێپەڕاندنی خولی مەحکووم بوونە یەک ساڵەکەی لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە مەریوان.

دادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سنە ئەم چاڵاکە کوردەی بەساڵێک زیندانی مەحکووم کردبوو و بە شێوەی زارەکی پێیان ڕاگەیاندبوو.

ئارمان غەفووری ۸ی گەلاوێژی ۲۷۱۸ی کوردی دەسبەسەر و پاش ۵ مانگ دەسبەسەری لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

دادگای ئینقلاب، ناوبراوی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات و ئەندامەتی لەیەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران» بە ۶ ساڵ زیندان مەحکووم کردبوو، کە لە کۆتاییدا سزاکە لە دادگای پێداچوونەوە داشکاو بوو بە ساڵێک.

شیاوی باسە کە ئارمان غەفووری ڕەزبەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی «ئاژاوە نانەوە لە کۆمەڵگا» لە ڕێی بەشداری کردن لە گردبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە هێرشی سوپای تورکیا بۆ شاری عەفرین لەلایەن لقی ۱۰۲ی سزاکانەوە ۶ مانگ حوکمی بەسەردا سەپێنرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان