KMMK:
بە تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە خۆپێشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان تەنیا لە باژێری کرماشان تا ئەم ساتە لانیکەم ١٥ هاووڵاتی بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە و بە سەدان کەس بریندار بوون.
سەرچاوە ناوخۆییەکان لە شاری کرماشان ڕایانگەیاندووە کە لە گەڕەکی دەوڵەت ئاوا ٥ کەس، لە گەڕەکی جافرئاوا ٤ کەس و لە شەقامی خومەینی ٦ کەس بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لە دەست داوە، هاوکات باس لەوە دەکرێ کە رێژەی کوژراوەکان زیاتر لەوە و بەڵام بە هۆی بارودۆخی سەربازی سەپێندار ناتوانرێ رێژەی حەقیقی بزانرێت.
بە پشت بەستن بە هەواڵی ماڵپەری هەنگاو، هەتا ئیستا ناسنامەی دوو کەس لە گیان بەختکردووەکان بە ناوەکانی ”نادر بەیرانوەند“تەمەن ٢٢ ساڵ لە گەڕەکی جافرئاوا و ”ڕامین میرزایی“ تەمەن ٢٢ ساڵ لە گەڕەکی دەوڵەت ئاوا بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. دەوترێت کە دوو کەس لە گیانبەختکردوانی گەڕەکی دەوڵەتئاوا برا بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەو گیانبەختکردوانە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ”ئیمام ڕەزا“ و ”تاڵەقانی“ گوازراوەتەوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە ناسنامەی گیانبەخت کراوانی تر ئاشکرا نەبووە.
جێی ئاماژەیە کە لە شارەکانی مەریوان، جوانرۆ، سنە و بۆکانیش چەندین هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

