دەسبەسەری بەربڵاوی هاوڵاتیانی مەریوان لە لایەن دامەزڕاوەکانی ئیتلاعاتەوە

KMMK:

هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی شەممە ۲۰ی ڕەزبەری ۲۷۱۹ی کوردی، لە شاری مەریوان دەستیاندایە ڕەشبگیری ئەو هاوڵاتیانەی کە لە گردبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بەشداریان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ڕێژەی دەسبەسەرکراوان نێزیک بە ۱۵ هاوڵاتی ڕاگەیەندراوە کە بە بێ نواندنی بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
ناونیشانی هەندێ لە دەسبەسەرکراوان بەم شێوەیە ” کەماڵ کۆنەپۆشی ئەندامی لێژنەی ڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چـیا، هیمەت کەریمی، دیاکۆ تابا، موبین نادری، ئۆمید حەق پەرست و موبین کەریمی.

پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ۱۹ی ڕەزبەر ، هاوڵاتیانی مەریوانی گردبوونەوەیەکیان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و مەحکووم کردنی داگیرکاری و کوشتاری دەوڵەتی تورکیا بەڕێوە برد کە ئەم گردبوونەوەیە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە ئینتزامییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان