ناچاری وای کردووە ژنان لە ڕواڵەتی پیاودا کۆڵبەری دەکەن

KMMK:

رۆژی پێنج شەممە ۱۸ی ڕەزبەری ۲۷۱۹ی کوردی بەپێی کوتەی نوێنەری حکوومەت بۆ کوردستان لە شۆرای باڵای پارێزگاکان،«هەڵاڵە ئەمینی»، سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران هۆشداری دا و کوتی: جێی داخە کە لە گەڵ ژنان و کچانێک ڕووبەڕووین کە ناچار بن لەڕۆاڵەتی پیاوێک دەربکەون بۆ ئەوەی بچنە ڕیزی دریژی کۆڵبەرانەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند ئەوەی دەیڵێم نە دەقێکی ئەدەبیێە و نە لە ڕووی هەستەکانەوەیە بەڵکوو ئەم ڕاستینەی ژیانی کۆڵبەرانە کە بەهۆی نەبوونی هەلی کار و کێشەی بەربڵاوی ئابووری لە ناوچە سنوورییەکان لەڕووی ناچارییەوە و لە بری وەرگرتنی حەقدەستێکی کەم کەلووپەل دەگوازنەوە.

هەروەها لە درێژەدا کوتی ئەم کۆڵبەرانە لە ساردی و تاریکیدا بۆ وەرگرتنی حەقدەست بە دەیان کیلۆمەتر لە ڕێڕەوە کوێستانییەکان تێدەپەڕن و دەربڕینی دەستەواژەی قاچاخچی بە جێی کۆڵبەر لە لایەن تاقمێکەوە نایەتە پەسەند کردن چونکوو کۆڵبەر واتەقوربانی، بە چەشنێکە نان بووە بە داوی مەرگی ئەوان و گیانیان لە بری نان هەرزان دەکەن؛ و ڕەوشیان هەر ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێ لە دوێنێیان و ترسناکتر لە داهاتوویە و هەر ڕۆژە و شایەتحاڵی بیستنی هەواڵی هەژێنەری مردنی کۆڵبەرانین بە شێوازگەلی جۆراوجۆر.

شیاوی باسە کە ئەمە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی خودی حکوومەت تەنیا بەشێکی بچووک لە ڕووداوەکان ڕووماڵ دەکەن، لە حاڵێکدا کارەساتەکە زۆر لەوەی دەبینرێ و دەبیسرێ کارەسات بار ترە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان