سنە/ محمد سادق ئەحمەدی نیا بۆ جێبە جێ کردنی حوکمەکەی بانگهێشت کرا

KMMK:

محمد سادق ئەحمەدی نیا کە لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران لە سنە سزای ۲ ساڵ زیندانی بۆ سەرڕاست کرابووەوە، بۆ جێ بە جێ کردنی حوکمەکەی بانگهێشتی دادگای ئێران لەو شارە کرا.
بە پێی ئەو بانگهێشت نامەیەی کە لە بەڕواری ۱۷ خەرمانانی ۲۷۱۹ لە سامانەی ئەلێکترۆنی وەزارەتی دادی کۆماری ئسلامیەوە تۆمار کراوە، ناوبراو داواکراوە بۆ لقی جێ بە جێ کاری دادگای ئێران لە سنە کەبە ماوەی ۱۰ رۆژ خۆی بناسێنێت بەو بەشەی دادگا.

لە بانگهێشت نامەکە هاتووە: “بە پێی ئەو حکومەی کە بەسەرتان سەپاوە ئەگەر ئێوە لە ماوەی دە رۆژی داهاتوو خۆتان بناسێنن بەو بەشەی دادگا ئەوا ۲۰ لە سەدی حوکمەکە دەشکێت و ئەگەرنا بە پێی یاسا ئەوا هەوڵی دەست بەسەرکردنتان دەدرێت” .
جێگای باسە: محمد سادق ئەحمەدی نیا چالاکی بواری تلیگرامە کە لە بەڕواری ۷ رەشەمەی ۲۷۱٨ بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی دادگای حکوومەت کرابوو.
بە پێی سەرچاوەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە رێگای ترساندن و تۆقاندن لە جوگرافیای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵی ئەوەی داوە چالاکان ناچار بکات دانپێنانی ساختە بکەن. بە پێی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی راگەیاندووە: ئەم دۆخەی ناوبراو لە حاڵێک دایە کە محمد سادق ئەحمەدی نیا سزای ۲ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان