ئیلام / ڕێگری لە چاپی کتێبی ” هەنگ و مێلوورە” لە لایەن ئیدارەی ئێڕشاد و کەلتوورەوە

KMMK:

لە پاش ئەوەی کتێبی ” هەنگ و مێلوورە”بۆ چاپ لە لایەن دەزگای چاپی باشوورەوە ڕەوانەی ئیدارەی ” کەلتوور و ئیڕشاد”ی ئیلام کرا ،بەڵام ئەو ئیدارەیە مۆڵەتی چاپی پێنەداو و بە پاساوی ئەوەی مێلوورە جلی کوردی لە بەر کراوە و ئەوە لە گەڵ ڕێسا و چوارچێوەی بڵاو کردنەوە وچاپ ناگونجێ مۆڵەتی پێ نادەین.

بە گوێرەی هەواڵەکە کە ئاژانسی هەواڵگری کوردپا پشتڕاستی کردۆتەوە لە زمانی ناوەندی چاپی باشوورەوە دەڵێ: هەڵسووکەوتی زەوقی وسەلیقەیی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی کتێبە کوردییەکانی ئەم بڵاوکەرەوەیە گەیشتۆتە ئاستێک کە بۆ ڕووماڵ کردنی کاراکتەری منداڵانەی چیرۆکێکی ئاسایی دەبێ ڕووبەڕووی ئاستەنگی سەیر و سەمەرە ببینەوە.ئاخۆ وێنەی جلی کوردی پێچەوانەی یاسا وڕێساکانی بڵاوکردنەوەیە لە ئێران؟ ئاخۆ ئەمە سەلمێنەری بزاڤێکی دژە کەلتووری ئەویش لە لایەن دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنەری کەلتوور وهونەر دژ بە کەلتووری کوردی نییە؟
لە درێژەدا دەزگای چاپی باشوور وێڕای مەحکووم کردنی ئەم جۆرت ڕووبەڕووبوونەوە زەوقی و سەلیقەییانە خوازیاری وەلانانی ئاستەنگییەکانی بواری بڵاوکردنەوە یە.

شیاوی باسە کۆماری ئیسلامی بە ڕوانگەی پۆپۆلیستی و خاپاندنی کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت نێودەوڵەتی لە لایەک وبە ڕەچاو کردنی سیاسەتی کۆنتڕۆڵ و سڕینەوەی ناسنامە و کەلتوور دەیهەوێ پاکتاوی ڕەگەزی و زمانی و کەلتووری گەلە بن دەستەکانی ناوخۆی ئێران وبەتایبەتی گەلی کورد بکات کە ساڵانێکە لە لایەن زێهنیەتی داگیرکارییەوە دەچەوسێتەوە و بەو حاڵەشەوە خۆڕاگری کراوە و ڕێگری لە پێکانی ئامانجەکانی ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرە دەکرێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان