ورمێ/چوار گیراوی سیاسی و بیروباوەڕی دەستیان دایە مانگرتن

KMMK:

سێ‌شەممە یەک‌ی گەلاوێژی ۲۷۱۹ کوردی، گیراوی سیاسی بەناوی مستەفا سەبزی و گیراوێکی بیروباوەڕی بەناوی قادر سەلیمی و هەر وەها دوو گیراوی سیاسی خەڵکی باکووری کوردستان بە ناوەکانی بەشیر پیرماوانە و ڕەحمی تورگوت لە زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ دەستیان دایە مانگرتن.

جێگای سەرنجە کە، قادر سەلیمی گیراوی بیروباوەڕی، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر قەبووڵ نەکردنی داوای ناوبراو بۆ ڕاگواستن بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان و هەروەها پێنەدانی ئازادی بەشەرت (آزادی مشروط) دەستی داوەتە مانگرتن.

 ناوبراو لە ساڵی ۲۷۱۷ دەسبەسەر و بە ئەندامێتی گروپی ئیسلامی (سەلەفی) تاوانبار و سزای ۵ ساڵ زیندانی بەسەرداسەپابوو.

هەروها مستەفا سەبزی گیراوی سیاسی، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر ڕانەگواستنی بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ماکۆ دەستی داوەتە مانگرتن. ناوبراو لە ساڵی ۲۷۱۴ دەسبەسەر و لە لایەن دادگای کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی ئەندامییەتی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردستانیەکان سزای ۱۵ ساڵ زیندانی بەسەرداسەپابوو.

بەشیر پیرماوانە و ڕەحمی تورگوت بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە هەمبەر پێندانی ئازادی بەشەرت (آزادی مشروط) و قەبووڵ‌نەکردنی داوای ناردنەوە بۆ زیندانی تورکیا دەستیان بەومانگرتنە کردووە. ئەم دوو بندکراوە کوردە هەر یەکیان بە تاوانی هاوکاری حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردستانیەکان بە چوار ساڵ زیندانی بوون سزا دراون.

جێگای ئاماژەیە کە لە حەوتووی ڕابردوو هەروەها حوسێن کەمانگەر چالاکی مەدەنی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر تاوانی بەسەرداسەپاو لە لایان کۆماری ئیسلامی دەستی بە مانگرتن کردبوو.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان