KMMK:
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەوت هاووڵاتی لە شاری مهاباد و دوو هاووڵاتی لە شاری سەقز و یەک هاووڵاتی شاری بۆکان وێڕای بنەماڵەکی و هاووڵاتییەکی شاری شنۆ دەسبەسەر کران.
ڕۆژی شەممە ۱۵ پووشپەڕی ۲۷۱۹ کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مهاباد هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتیان و دوای پشکنینێکی زۆر دەسپێک دوو هاووڵاتی ئەو شارە بە ناوی شێرکۆ عەباس تاهیر و هووشیار ئەمینی یان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنی نادیار ڕایانگوازتن، هەروەها لەو چەند ڕۆژی دوایی دا پێنج هاووڵاتی تر لەو شارە بە ناوەکانی خالید کولانی، سەلیم شێخەنژاد، سۆهراب قادر زادە، هێمن ئیسماعیلی، ئومید قادری بە هۆی نادیار لە لایەن ئەو هێزانە دەسبەسەر کران.
لە درێژەی دەسبەسەریەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها هاووڵاتییەک بە ناوی عەلی ئیسماعیلی خەڵکی گووندێکی سەر بە شاری شنۆ دەسبەسەر کرا.
هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی ئیبڕاهیم مەردانی دوا پشکنینێکی زۆری ناوماڵ و دەستداگرتن بەسەر هێندێک کەڵوپەلی تایبەتی ناو براو وێڕای بنەماڵەکەی دەسبەسەر کرا، کە دوای لێپرسینەوە بنەماڵەکەی ئازاد کرا و لەسەر بارودۆخی خۆی هیچ زانییارییەک نەدراوە.
جێگای ئاماژەیە کە، هەر لەم حەوتوویە دا دوو هاووڵاتی تری خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی فایق یووسفی و هادی محەمەدزادە لە لایان هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەسبەسەر کرابوون.
جێگای سەرنجە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێن و هۆی دەسبەسەر کردنی ئەو گیراوانە لە بەر دەست دا نییە.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان