پتر لە یەک لە سەر شەشی دارستانەکانی زاگرۆس بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو چوون

KMMK:

بە پێی مەزەندەکان دارستان و لەوەڕگەکانی زاگرۆس لەم ساڵانەی دوایدا بە بۆنەی وشکەساڵی درێژخایەن، ئاگر کەوتنەوە و بڕینەوەی لێڕەوارەکان،بەشێکی بەرفرە لە پانتای خۆی لە دەست داوە.

لە ڕووبەری ۶ ملوێن هێکتاری دارستانەکانی ناوچەی زاگرۆس بە هۆکاری گەلی جیاواز پتر لە ملوێنێک هێکتاری لێ لەناو چووە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان لە دارستانەکانی زاگرۆس ۲ هەزار و ۳۷۲ جۆری گیایی و دار، ۶۱ جۆری ئاژەڵی مەمکدار، ۲۷ جۆری ماسی، ۱۶۷ جۆری باڵندە و ۳۷ جۆری خزۆکە ناسێنراون کە تا ئەم ساتە وەختە دەیان جۆری گیایی و ئاژەڵی لە ناو چوون.
هەر وەها بە پێی توێژینەوەکان، ۴۰لە سەتی ئاوی شیرینی جوگرافیای سیاسی ئێران لە قەوارەی زاگرۆس دێتە بەرهەم .

نەبوونی کەرەستەی ئاگر کوژێنەوە و لە هەمووی گرنگتر نەبوونی بەرچاوەی ناوچەی پارێزراو، داتاشینی دارستانەکان، پەرە گرتنی نابەجێی کشتووکاڵ لە ئاقاری دارستانەکان و لەوەڕگەکان بووە بە یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکان لە دارستانەکانی زاگرۆس.

هەر چەندد هەنووکە هۆکاری سرووشتی وەکوو ، هەورە برووسکە، کەمتەرەخەمی وەرزێران و گوێ ڕایەڵ نەبوونی گەشتیاران بوونەتە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکان ،بەڵام بە پێی وتەی شایەتحاڵان و چالاکان و هۆگرانی ژینگە زۆرینەی ئەم ئاگر کەوتنەوانە لە لایەن سوپای پاسداران و لە ڕێی سیاسەتێکی لە پێشدا گەڵاڵەکراو جێبەجێ دەکرێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

پەیوەندی
@KMMKADMIN

تێلێگرام
@KMMKKURDISTAN