ڕژانی دەیان هەزار لیتر مادەی کیمیایی(ژەهراوی) لەسەر ژینگەی پارێزگای ســنە

KMMK:

بەپێی ووتەکانی جێگری چاودێری ژینگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ســنە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ۲۷۱۹ی کوردی ۱۰ دانە تەنکەڕی بارهەڵگری مادەی کیمیایی و مادە نەوتییەکان لە ڕێگاوبانی ئەم پارێزگایە وەرگەڕاون، کە ئەم ڕێژەیە بە نیسبەتی لە ساڵی ڕابردوو هەڵکشاوە.

۲۹ تەنکەڕی بارهەڵگری مادەی کیمیاوی و مادە نەوتییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەکانی ناوبەری پارێزگای سنە وەرگەڕاون کە یەکێک لە کایگەریەکانی ڕژانی ئەم ماددانە پیس بوونی ئاو و خاکە.

شیاوی ووتنە کە ڕێگەکانی ناوبەری شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە مەترسیدارترین و کۆنترین ڕێگەکانی جوگرافیای سیاسی ئێرانن کە لەودا ساڵانە هەزاران ڕووداو و پێکدادانی جاددەیی، خەساری قورسی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە و لە لایەکی دیکەوە وەرگەڕانی ئەم تەنکەرانە کە هەڵگری مادەی کیمیاوی و سووتەمەنین دەبێتە هۆی پیس بوونی ژینگە و هەروەها لە زۆرینەی ڕووداوەکان دەڕژێتە ناو ئاوی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە وهەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر گیان وژیانی هاوڵاتیان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان