مانگرتنی قوتابیانی قوتابخانەی دواناوەندی کچانەی فێرگەی زەینەبیە لە کامێران لە ناڕەزایەتی دژ بە وەرگرتنی تێچووی پەڕەی تاقیکاری

KMMK:

یەک شەممە ۱۹ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی قوتابیانی قوتابخانەی دواناوەندی کچانەی فێرگەی زەینەبیەی شاری کامێران دوابەدوای داواکاری دانی تێچووی پەڕەی تاقیکاری لە لایەن جێگری قوتابخانەوە دەستیان دابوویە مانگرتن و بە پاشەکشێی بەرپرسانی قوتابخانەکە کۆتایی پێ هات.

بە گوێرەی هەواڵەکە سەرلە بەیانی یەک شەممە کاتژمێر ۱۰:۳۰ خولەک کە بڕیار بوو یەکێک لە تاقیکارییەکانی کۆتایی قوتابیان بەڕێوە بچێت، بەرلە دەسپێکردنی تاقیکاری جێگری قوتابخانە قوتابیانی ڕیز کردووە و داوای دانی ۵۰هەزار تمەن لە بری تێچووی پەڕەی تاقیکاری ببوو،بەڵام ئەم داواکارییە لە گەڵ هەڵوێستی قوتابیان ڕووبەڕوو بوەوە و هەر بەم بۆنەوە ئەوان دەستیان دابوویە مانگرتن.

هەڵوێست ومانگرتنی قوتابیان ببوو بە هۆی ئەوەی کە قایمقامەتی و بەرپرسی پەروەردە و فێرکاری حکوومەتی ئێران کە سەردانی ئەم قوتابخانەیان کردبوو، بەرانبەر بەدانی تێچووی پەڕەی تاقیکاری پاشەکشێ بکەن.
لە دوای پاشەکشێی بەرپرسانی قوتابخانە بەرانبەر بە دانی تێچوو، قوتابیان چوونە سەر ڕێ و ڕەسمی تاقیکاریەکە وتاقیکاریان جێبەجێ کرد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان