ورمێ/ گوازتنەوەی دوو بەندکراوی سیاسی، یەکیان بۆ نەخۆشخانە و ئەوی دیکە بۆ گرتنگەی سپای پاسداران

KMMK:

۱٨ جۆزەردانی ۲۷۱۹ کوردی، بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی جواد ئەحمەدی بە هۆی ئێش و ئازار ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کرا.

هەروەها ۱۹ جۆزەردانی ۲۷۱۹ کوردی، گیراوی سیاسی عیسمەت سەلەحشوور لە بەندیخانەی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ بۆ جاری دووهەم بۆ لێپێچینەوە گوازایەوە بۆ گرتووخانەی سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ.

جێگای ئاماژەیە کە، جواد ئەحمەدی لە ساڵی ۲۷۱۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حزبە کوردیەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی تاوانبار و بە ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درابوو کە دواتر سزاکەی بۆ نیزیک ۴ ساڵ کەم کرایەوە، ناوبراو دوای ڕۆژێک ئێش و ئازار بە هۆی ئیلتهاب و بەردی گورچیلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

هەروەها جێگای سەرنجە کە بەندکراوی سیاسی عیسمەت سەلەحشوور بۆ جاری دووهەم لە مەودای دوو مانگ دا، دیسان هەناردەی گرتووخانەی سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ کرا، ناوبراو مانگی پێشوو بە ماوەی نزیک ۱۵ ڕۆژ لە ژێر لێپێچینەوە و لێپرسینەوەی ئەو هێزانە دابوو. عیسمەت سەلەحشوور لە ساڵی ۲۷۱٨ دەسبەسەر و بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردستانیەکانی دژ بە حکومەت تاوانبار کراو سزای پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەرداسەپا.

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو دا ئەوە جاری دووهەمە کە دوو بەنکراوی سیاسی (کەماڵ حەسەن ڕەمەزان سزادراو بە لەسێدارەدان و عیسمەت سەلەحشوور سزادراو بە ۵ ساڵ زیندان) لە گرتووخانەی کۆماری ئیسلامی لەو شارە سەر لە نوێ هەناردەی بەشی لێپێچینەوەی سووپای پاسداران لە ورمێ دەکرێن.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان

عیسمەت سەلەحشوور