تێرۆری ئێکۆسیستەم/ سوتانی ٦۴ هێکتار لە زەوی و زار و دارستانەکانی ئیلام

KMMK:

لە دوو حەوتووی ڕابردوودا لە ناوچەی ئیلام زیاتر لە ۳۰ جار ئاگر کەوتۆتەوە و ۶۴ هێکتار لە زەوی زار و دارەستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئاگرێکی بێبڕانەوەدا سووتاون و تا ئێستا هیچ ڕوونکاریەکی جددی لە سەر هۆ و چۆنییەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە نەدراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئاگرەکە لە رۆژی سێ‌شەممە‌ی ڕابردوو بە هۆی کێشەی کارەبا لە ناوچەی «بان پەڵەنگ‌«ی گەورەدێی «چوار»ی سەربە ناوچەی ئیلام دستی پێکردووە و لە ڕۆژی چوارشەممە گەیشتۆتە ناوچەی ملە‌سیە و دوواتر لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە کوژێندرایەوە.

هەروەها ئێوارەی پێنج‌شەممە لە «گاومێهر زەڕنێ‌«ی سەربە شاری ئیوان ئاگرێک کەوتەوە کە لە لایان خەڵکی ناوچەکەوە و ئەندامانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتیەکان پێشی لێگیرا.

جێگای ئاماژەیە، هەر ساڵەو لەگەڵ دەسپێکردنی گەرما، ئاگر تێبەربوون لە زەوی و زار و دارەستانەکانی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەسپێدەکات.

بە پێی ووتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ئیلام، ۹۰ ناوچەی مەترسیدار دۆزراونەتەوە بەڵام تا ئێستا ئەو پارێزگایە بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لەو ناوچانە لە هەبوونی فرۆکەیەک بێ بەشە.

 هەر لەو بارەیەوە، هەڵسووکەوتی گوماناوی و بە شێوەی ئاشکرا لە لایەن سووپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروها هێزەکانی سەربە ئەوانەوە ڕوودەدات کە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە (تیرۆری ئێکۆسیستم) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان