KMMK:
لە چەند رۆژی رابردوودا لافیتەی فرۆشتنی دوو گورچیلە لە بنەماڵەیەکی ۷ کەسیدا کە لە بومەلەرزە لێدراوانی سەرپێڵ زەهاون بڵاو کراوەتەوە، ئەم بنەماڵەیە هۆکاری فرۆشتنی گورچیلەکانیان بۆ بەدەست هێنای پارە بە مەبەستی کڕینی خانوو گەڕاندوەتەوە.
خەڵکی بومەلەرزە لێدراوی پارێزگای کرماشان تا ئێستە کێشەکانیان بەردەوام وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵێنی درۆی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە خەڵکی لێقۆماو دراوە، هێشتاکو خەڵکی لە هەلومەرجێکی خراپ و بەزەخت هێشتوەتەوە و بە پێی وتەکانی بەرپرسی شۆرای شاری سەرپێڵ زەهاو: لە کاتێکدا کە بەرپرسان دەیانگوت تا بوژاندنەوەی تەواو لەگەڵ خەڵک دەمێننەوە، بەڵام لە ئێستادا خەڵک بۆ دەرباز بوون لە گرفتەکان بەتەنیا ماونەتەوە.
جێگای ئاماژەیە: بومەلەرزە لێدراوانی کرماشان بە هۆی نەبونی پیشە و کار رێگاگەلێکی تریان بۆ بەدەست هێنانی داهات گرتوەتە بەر و فرۆشتنی گورچیلە لە هەژاری و زەوت لەسەر خەڵک هەڵدەقوڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرانبەر گەیاندنی یارمەتی بۆ لێقەوماوان خۆی بە بەرپرس نازانێت و تەنانەت پێش بە یارمەتییە مرۆییەکان دەگرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورستان