خۆکوژی ٩ کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان

KMMK:
بە پێی راپۆرتەکان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە یەک حەوتودا ٩ کەس بە شێوازگەلی جیاواز دەستیان داوەتە خۆکوژی و ٨ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

ڕۆژی ۴ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی، لاوێکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی «ئومێد زۆهرابی کوڕی موحەمەد» لە رێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان هێناوە کە تا ئێستا هۆکاری خۆکوژی ئەم کەسە ئاشکرا نەبوەتەوە.

هەروەها لە هەمان رۆژدا، ژنێک بە ناوی «کۆبرا ئەسەدی کچی جەماڵ و تەمەن ۲۰ ساڵان» بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە رێگای خۆ سوتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

رۆژی یەک شەممە ۵ی جۆزەردان، لە گوندی ئوج تەپە سەر بەشاری بۆکان کچێک بەناوی «هایدە عەزیزپوور تەمەن ۱۷ ساڵان» و کچی موستەفا بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە بە چەکی راوو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە راپۆرتێکی تردا لە رۆژی ۸ی جۆزەردان، لە شاری ورمێ ژنێکی تەمەن ۲۱ ساڵان بەناوی «کەژاڵ مەحمودی» کچی رەزا لە رێگای خواردنی قورس کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها لە بڕواری ۱٢ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، «سارا ئیسمائیلی» تەمەن ۱۷ ساڵان و کچی سڵێمان خەڵکی گوندی میراوی سەر بە شاری سەردەشت لە کاتێکدا کە بنەماڵەی بە زۆرەملی ناوبراویان بە هاوژینی کەسێکی نزیکی خۆیان دەرهێناوە دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.

جێگای ئەماژەیە بە پێی ئەو هەواڵەی کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووتەوە لە حەوتووی ڕابردووە سێ گەنجی دیکە لەڕێگای خۆ کوژییەوە گیانیان لەدەستداوە و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی جۆزەردان، کوڕێکی سەقزی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان