ژنێکی کورد لە سوێد بە شێوازێکی گوماناوی گیانی لە دەست دا

KMMK:
شەممە ٤ مەی ۲۰۱۹ زایینی کاتژمێر ٨ ی بەیانی ، تەرمی شۆخان عەزیز خ لە نزیک قوتابخانەیەک لە ناحیەی مەرشتادی ستۆکھۆڵم لە لایەن پولیسەو دۆزراوەتەوە.
شۆخان عەزیز خەلکی شاری سلیمانی لە باشوری کوردوستانە و لە ستۆکھۆڵم نیشتەجێ ببوو.
لە ڕاپۆرتی پۆلیس باس لە ئاسەواری سوتان لەسەر جەستەی ئەو ژنە کراوە، ئەو شوێنەی کە لاشەکەی لێ دۆزراوەتە، شوێنی تایبەت بە ساز کردنی چێشت و کەباب بووە.
پۆلیسی ستۆکھۆڵم تا ئێستا هیچ لێدوانێک یا روونکردنەوەی لەسەر ئەو حاڵەتە نەداوە و روونی نەکردۆتەوە کە هۆکاری گیان لەدەستدانی ناوبراو چی بووە.
بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە کوژرانی شۆخان عەزیز لە لایەن خزم و ماڵباتی ناوبراو دەکرێت.
جێگای باسە خزم و ماڵباتی ناوبراو هەوڵیان داوە کە ئەو بابەتە میدیایی نەبێت و لەو بارەوە نارەزایەتیان دەڕبڕیوە.
جێی ئاماژەیە کە ماوەیەک لەمەوپێش هەر لەو شارە ژنێک لە پەنجەرەوە خرابووە خوار و کیانی لەدەست دابوو.
کلتووری سەقەت، نایەکسانی رەگەزی، نەبوونی پەروەردە، پیاو سالاری هۆکارەکانی سەرەکی کوژران و خۆکوژی ژنان.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا ۳۱ ژن بە هۆکاری خۆکوژی و کوژران گیانیان لەدەست داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان