خۆکوژی بێ کۆتایی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان/ کۆتایی ژیانی ژنێک و هەوڵ بۆ خۆکوشتنی کچێکی لاو

KMMK:

شەممە ۱۴ی گوڵانی ۲۷۱۹ی کوردی، ژنێکی تەمەن ۲۷ ساڵان بەناوی (ش.ر) خەڵکی شاری سەردەشت دەستی داوەتە خۆ کوژی و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

لەلایەکی ترەوە رۆژی یەک شەممە ۱۵ی گوڵان کچێکی تەمەن ۱۷ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە مەبەستی خۆ کوشتن لە ماڵێکی سێ قاتەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە و بە خەستی بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە. ئەم کچە مێرمنداڵە ئێستە لەژێر چاودێری پزشکیدایە.

دیاردەی خۆکوژی کچانی لاو و ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە زیاد بون کردووە، بە لەبەرچاو گرتنی رێژەی خۆکوژیەکان تا ئێستە ناوەندە پەیوەندی دارەکانی حکومی هەوڵێکی ئەوتۆ و کاریگەریان بۆ چارەسەر کردنی هۆکارگەلی خولقێنەری ئەم دیاردیە لە کاروباری خۆیاندا دانەناوە. بە پێی داتاکان و بەدواچونەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، زۆربەی خۆکوژیەکان بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و لەمپەرەکانی بەردم ژنان لە نێو کۆمەڵگا و یاسای پیاوسەروەری روو دەدەن. هەروەها لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە تا ئیستە ۲۰ ژن کە سێ کەس لەوانە تەمەنیان ژێر ۱۸ ساڵ بووە بە هۆی خۆکوژیەوە گیانیان لەدەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان