KMMK:
پێنج شەممە ۱۲ی گوڵانی ۲۷۱۹ی کوردی، مامۆستایان بۆ رێز گرتن لە رۆژی مامۆستا لەبەردەم ئیدارەی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەزۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبونەوەیان پێک هێنا.
بە پێی راپۆرتەکە: مامۆستایانی خوێندنگەکان لە شارەکانی سنە، ورمێ، کرماشان، مەریوان، دیواندەڕە، سەقز و کامێران و شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لەم شارانە کۆبونەوە.
جێگای ئاماژەیەکە: مامۆستایان لەم کۆبونەوەدا بە هەڵگرتنی نوسراوەگەلێک بەناوەڕۆکی، نە بۆ پەروەردەی سیاسی، نە بۆ بەپارەیی کردن و بەکەرتی تایبەت کردنی پەروەردە و … دژایەتی خۆیان لەگەڵ سیاسەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ مامۆستایان ناڕازییان دەربڕی و خوازیاری دەست بەجێی ئازاد کردنی مامۆستایانی بەندکراو و گۆڕان بەسەر سیاسەتی پەروەردە لە بوارەکانی کولتوری، سیاسی و تەنانەت ئایینی بون.
هەروەها مامۆستایان رخنەیان لە مووچەی ژێر پلەی هەژاری مامۆستایانی خانەنشین و لەسەر کار، نەدانی قەرزی حکومەت بە مامۆستایان، بەندکردنی هەندێک لە مامۆستایان و چالاکانی سینفی و دروست کردنی دۆسیە بۆ مامۆستایان، گرتبوو.
ساڵی پێشوو مامۆستایانی خانە نشین و لەسەرکار لانیکەم سێ جار کۆبونەوەی ناڕەزاییان پێک هێنابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان