هێرش بۆسەر مانگرتوان و دەسبەسەری ۲۰ هاوڵاتی کورد لەلایەن پولیسی بریتانیاوە

KMMK:

۷ی گوڵانی ساڵی ۲۷۱۹ی کوردی، پولیسی وڵاتی بریتانیا هەڵی کوتایە سەر چالاکوانانی مانگرتووی هێمنانە لە بینای ناوەندی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە لەندەن کە دژ بە گۆشەگیری ئۆجالان دەستیان دابوو مانگرتن و۲۰ کەسیان لێ دەسبەسەر کردن.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ئەم مانگرتنە لەهەمبەر سەرکۆنەی گۆشەگیری عەبدوڵا ئۆجالان و هەروەها بێدەنگی مەزراوە کانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ لەهەمبەر دۆخی کوردەکان بەڕێوە چوو، پولیسی بریتانیا هاوشێوەی پولیسی تورکیا ۲۰ چالاکی کوردی دەسبەسەر کرد.

شیاوی باسە کە ئەم مانگرتنە هێمنانە لەلایەن مەجلیسی ژنانی ڕۆژ، کۆمەڵەی کرێکارانی پەنابەر ومەجلیسی هاوبەشی نەتەوەی کورد لە ڕۆژی چوارشەممە لە بینای ناوەندی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە لەندەن دەستی پێکرد وبەرپرسانی ئەم ڕێخراوە بە بانگ کردنی پولیس خوازیاری وەدەرنانی مانگرتوان ببوون و بە کەلەبچەوە ئەم چالاکانەیان بە زۆرە ملێ لە بیناکە کردە دەرەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان