دانێرکردنی (محاکمە) دوو چالاکی مەدەنی لە دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە

KMMK:
شەممە ۲۴ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ی کوردی، دانیشتنی دادگەی چالاکی مەدەنی و رۆژنامەنوسی کورد موختار زارەعی لە ژوری دووی دادگەی شۆرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دادوەری دادوەر شەرەفی لە شاری سنە بەڕێوە چوو.

بە وتەی پارێزەری موختار زارەعی، ناوبراو بە تۆمەتی بێڕێزی کردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامی و پروپاگاندا دژ بە حکومەت تاوانبار ناسراوە ولە دانیشتنی دادگا موختار زارەعی بە دادوەرەکەی وت: هیچ تاکێک لە کۆمەڵگادا بێبەر نییە لە رەخنە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بێت. موختار زارەعی ساڵی پێشتر بە بڵاو کردنەوەی نوسراوەیەکی سەر ئاوەڵا سبارەت بە رێبەری کۆماری ئیسلامی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و بە ناوی چالاکێکی مەدەنی هەندێک پرسیاری لە رێبەری حکومەتی ئێران کردبوو کە بە هیچ شێوازێک بێڕێزی بە رێبەری کۆماری ئیسلامی تێدا نییە و ئەم تۆمەتانە نابێت بخرێتە پاڵ هەڵبژێری منەوە.

لەهەواڵێکی تردا رۆژی چوار شەممە ۲۱ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ی کوردی دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی سەعید ئیقباڵی چالاکی مەدەنی و دانیشتووی کرماشان لە بەشی ۲۸ی دادگەی ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو.

بە پێی راپۆرتێک کە پێشتر لە لایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کرایەوە، ناوبراو لە رێگای نوسراوەیەکی داواکردن بە تۆمەتی پروپاگاندا دژ بە حکومەت و گردبونەوە و هەوڵ دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی بانگهێشتی دادگەی ئینقلابی تاران بە دادوەری دادوەر موقەییسە کرابوو و لەم دانیشتنەدا دادوەر موقەییسە تاوانگەلی دۆسیەکەی دەخستەروو و ئیزنی بەرگری بە تاوانبار وتەقدیم کردنی دۆسیەی بەرگری لە لایەن پارێزەرەوە نەدرا بە ناوبراو و ناوبراو لەکۆتایی دانیشتنەکەدا وتی: ئەم دادگەیە شایانی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیەی نییە و ئەو تۆمەتگەلەی نرابوویە پاڵی رەت کردەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان