ئەندامانی شارەوانی هەدەپە لە روحا گیران/حکومەتی تورکیا بەردەوامە لە ئەشکەنجە و گرتنی کوردان

KMMK:
چوارشەممە ۲۱ خاکەلێوەی ۲۷۱۹ی کوردی ،حکومەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی وێرانشاری پارێزگای روحا لە باکووری کوردستان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی هەدەپەی لەو ناوچەیە دەستبەسەر کردوە و رەوانەی زیندانی کردوون.

بە پێی زانیاریەکان، هێزە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە وێرانشاری باکووری کوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان و جەلیل چەلەبی و رەمەزان دیریل ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەدەپە و شەش کەسی دیکەیان دەستگیرکردوە

دەستگیرکراوان ڕەوانەی ئاسایشی ڕوحا کراون و هۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان ڕوون نییە.

گرتن و دەستبەسەر کردنی کوردستانیان لە لایەن حکومەتی تورکیا لە کاتێکدا بەردەوامە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە سەدان کەسی سڤیل لە لایەن حکومەتی تورکیا کوژراون و بە هەزاران کەس دەستبەسەر کراون.
لەو ناوە دا سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یۆکسگداغ، ئیدریس باڵوکەن، گوڵتەن کشاناک بەشێک لە کەسایەتی سیاسی دیار و پارلمانتاری پێشوون کە لە لایەن حکومەتی تورکیا گیراون و رەوانەی زیندان کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان