ئێقبال مورادی/دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ هێشتا بکەرانی ئەم تیرۆرە دیاری نەکراون/ بکەرانی ئەم تیرۆرە دەست نیشان کەن

KMMK:

جەستەی بێ گیانی ئێقباڵ مورادی نزیکەی کاتژمێر ۲۳:۳۰ی سێ شەمە ۲٦ پووشپەڕی ۱۳۹۷ی هەتاوی لە دەورووبەری چۆی پێنجوێن دۆزرایەوە.

لە دوای تێپەڕبوونی نۆ مانگ لە تیرۆر بوونی ئێقباڵ مورادی ئەندامی شورای بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کودستان، هێشتا هیچ کەس وەک تاوان باری ئەم کردەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی باشووری کوردستان دەستبەسەر نەکراوە.

لە چاوپێکەوتنێک کە هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ “ئامینە قادری” هاوژینی ئێقبال مورادی کردوویە، ناوبراو گوتوویەتی: لە دوای تێپەڕینی نۆ مانگ بەسەر تیرۆری هاوژینەکەم هێشتا بکەرانی ئەم تاوانە دیاری نەکراون.


هەروەها ناوبراو گوتی: سەرەرای پەیوەندی بەردەوامم بە ناوندە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دۆسیەی هاوژینم، بەڵام تا ئێستا لەلایەن هیچ ڕێخراو و ناوەندی هەرێمی باشووری کوردستانەوە وڵامێکی روون لە دەست خستنی سەرەداوێکمان پێ نەدراوەتەوە.
ئێقباڵ مورادی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە درێژایی دە ساڵ لەم ناوندە مافی مرۆڤیەدا بەردەوام و ماندوونەناسانە ئەرک و چالاکی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەنجام دەدا. هەروەها ناوبراو یەکێک لە هاوکرانی کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی مەدەنی بوو.

وێنەی یەکم تیرۆری ئێقباڵ مورادی

ئەم چالاکە کوردە بە هۆی چالاکی سیاسی، لە سەرەتای ئینقلابی ۱۳٥۷ ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراو ماوەی سێ ساڵ لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوان، سنە، ورمێ و تەورێز هێڵرایەوە و پاشان بە لێبووردەیی گشتی[ئەم لێبووردنە هەموو تاوانەکانی دەگرتەوە] رێبەری ئەو کاتەی حکوومەتی ئێران لە زیندان ئازاد کرابوو.

ناوبراو بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئێران ساڵی ۲۰۰۰ (۱۳۷۹)ی هەتاوی ئێرانی بەجێ هێشت و لە باشووری کوردستان درێژەی بە کار و چالاکی سیاسی خۆی دا.
ناوبراو ماوەیەک پێش دەستبەسەر کردنی (زانیار مورادی) کوڕەکەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆی لە پارتە پیشووەکەی راگەیاند و پەیوەست بوونی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان راگەیاند.

دوو حەوتوو پێش دەسبەسەر کردنی کوڕەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێران لە مەریوان، ئێقباڵ مورادی کەوتە بەر کردەوەیەکی تیرۆریستی و لەو رووداوەدا نۆ فیشەک بەر جەستەی کەوت کە بە هەوڵی دوکتۆرە پسپۆرەکان ژیانی لەو هەڵی کوشتنە لە مەترسی رزگاری بوو.

لەدوای ئەو هەوڵی کوشتنە منداڵی دووهەمی ناوبراو زانیار مورادی لەگەڵ لوقمان مورادی لە رۆژی ۱۱ خەرمانانی ۱۳٨٨ لەلایەن هێزەکانی ئتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێران لە مەریوان دەست بەسەر کران و دوای۱۰ مانگ راگرتن لە ژووری تاکەکەسی و ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحی بێ بەزەیانە بە تۆمەتی هەڵبەستراوی کوشتنی سێ کەس کە یەکێک لەوان کۆڕی پێش نوێژی مەریوان بوو هەروەها شەڕ دژی خودا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

دوای تێپەڕبوونی ٥۰ رۆژ بەسەر تیرۆری ئێقباڵ مورادی، کوڕی ناوبراو زانیار موردای لە بەڕواری ۱۷ گەلاوێژ لەگەڵ دوو زیندانی سیاسی دیکە (لوقمان مورادی، رامین حسین پەناهی) لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

تیرۆری چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە دەرەوەی جوگرافیای بەناو ئێران لە لایەن هێزەکانی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکرێت. بە پێی زانیاری لە هەنێ سەرچاوە تا ئێستا زیاتر لە ۳٥۰ ئەندامی پارتە ئوپۆزسیونەکانی نیشتەجێی باشووری کورستان لەلایەن هێز و بەکرێگیراوانی سپای پاسدارانی ئێرانەوە لە باشووری کوردستان تیرۆر کراون.
لە سێ ساڵی رابردوو لە شاری پێنجوێن سێ چالاکی کورد بەناوگەلی کەماڵ شێخ سادق، سدیق ساڵیاوایی و ئێقباڵ مورادی لە لەیەن هێزە تیرۆریستەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆر کراون.

حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بە تێپەڕ بوونی ۹ مانگ بەسەر تیرۆری ئێقباڵ مورادی ئەندامی شورای بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێشتا هیچ هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم کردەوەیە نەداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە کەسایتی و ناوەندە پەیوەندی دارەکانی حکوومەتی باشووری کوردستان داواکارە هەوڵی جدی بدەن بۆ دۆزینەوەی بکران و ئەو دەستانەی لە پشت ئەم کردەوە نامرۆڤانەن و بە زووترین کات تیرۆریستان لە دادگایەکی دادپەرواردا دادگایی بکرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان