بەردەوامی گرتنی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن حکومەتی تورکیا: ۲۲ کەسی تر دەستبەسەر کران

KMMK:
چوارشەممە ۱۴ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ ی کوردی (۱۳۹۸ی هەتاوی)، هێزەکانی حکومەتی تورکیا له‌ ناوچه‌ی خه‌لفه‌تی باکووری کوردستان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ماڵان و ١٣ كه‌سیان ده‌ستگیر كرد. ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی براونه‌ته‌ بنكه‌ی سه‌ربازیی گۆكلو بیرتین له‌: به‌كر ئۆزتورك، نووره‌دین كاراداش، سامی بۆزكوورت، كازم باله‌بان، ئازاد پۆلات، سه‌یهان بایرام، حاجی یالچنكایا، عوسمان یالچنكایا، هاساری بایسۆز، حه‌قی كه‌سكین، حوسێن ماڤیگۆك، قادر چۆلاك و عه‌بدوڵا ئوزون.

هاوکات له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی چۆتله‌ر و ناوه‌ندی ناوچه‌ی بیره‌جووك، پۆلیس و سه‌ربازانی ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ هێرشێکی دا هاوسه‌رۆكی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ بیره‌جووك دیلان تاش، هاوسه‌رۆكی پێشووی هه‌ده‌په‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ئیبراهیم یه‌شیلته‌په‌، خه‌لیل گه‌نج، خه‌لیل ساریكایا، عه‌بدولجه‌لیل ئارجی، شه‌وكه‌ت چه‌تینكایا، مسته‌فا قه‌ره‌داغ، میكائیل كلچ و بوله‌ند قه‌ره‌یلان ده‌ستگیر كران و گوازرانه‌وه‌ بنكه‌ی پۆلیسی بیره‌جووك.

جێی ئاماژەیە کە لە ۹ی خاكه‌لێوه‌ی ۲۷۱۹ دا، له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی پاكتاوی سیاسی له‌ ناوچه‌ی سێوه‌ره‌گ، هه‌ر‌یه‌كه‌ له‌ له‌ڤه‌نت كۆركماز، ئیلیاس كۆركماز، ئایشه‌ گوله‌ر، ته‌ڤبوون میمكارا، شه‌هریبان میمكارا، هه‌بات میمكارا، چه‌ركۆ میمكارا، جه‌میل به‌زه‌ر و هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ به‌ ناوی خه‌لیل ده‌ستگیر كرابوون. ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیس ڕاگیراو بوون، ماوەی گرتنیان درێژ کراوەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان