کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ بۆ بەندکراوێکی سیاسی کورد

KMMK:

شەممە ۱۰ خاکەلێوەی ۲۷۱۹ کوردی، کامڕان دەروێشی، بەندکراوی سیاسی لە گرتووخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ لە کاتێک دا کە خەریکی تێپەڕکردنی ئەو ۵ ساڵ زیندانییە بوو کە بەسەریدا سەپێندرابوو، گوازتراوە بۆ لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی لەو شارە و بە کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ، تۆمەتی «تێکدانی دیسیپلینی گرتووخانە و بێ ڕێزێ بە شتە پیرۆزەکان» خرایە پاڵیان.

ئەو دۆسیە کردنەوە بە دەستێوەردانی ڕێخراوە ئەمنیەتیەکان بە هۆی بەشداری کردنی ناوبراو لە مانگرتنی بەرفراوانی بەندکراوەکان و گێڕەوکێشەکانی ڕەزبەری ساڵی پێش کە لە گرتووخانە ڕوویدابوو، هاتۆتە ئاراوە.

کامڕان دەروێشی، ۱۳ گوڵان‌ی ساڵی ۱۳۹۵ لە لایان هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا، ئەو دوای محاکمە لە لایان لقی ۲ دادگای شۆرشی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنی کوردی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا.

جێگای باسە هەر لەو ڕاستایەدا لە ڕەشەممەی ساڵی پێش ۴ بەندکراوی سیاسی لەو زیندانە بە ناوەکانی حەمید ڕەحیمی، کەماڵ حسن ‌ڕەمەزان و ئەحمەد تەموئی و توورەج ئیسماعیلی بردراونە ئەو دادسەرایە و بە هەمان تۆمەت تاوانبار کران.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان