دادگایی کردنی لەیلا گۆڤەن لەدوای ۱٤۰ رۆژ مانگرتن

KMMK: ‌

رۆژی ۲٦ مارسی ۲۰۱۹ دادگای سزا قورسەکانی حکوومەتی تورک لە باکووری کوردستان و شاری ئامەد بڕیاری دا لەیلا گۆڤەن هاوسەرۆکی پێشووی ک ج د و پەرلمانتاری ه د پ بە زۆر بباتە دادگا، کە ناوبراو ۱٤۰ رۆژە لە مانگرتندایە.

دادگای سزا قورسەکانی حکوومەتی تورک لەئامەد، بڕیاری دا کە گۆڤەن بە تۆمەتی ئیفادە نەدان لە دادگای رۆحا‌‌‌ـــ کە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بە بێ ئامادەبوونی ناوبراو بەڕێوە چووـــ لە دانیشتنی داهاتوو بباتە دادگا.

شایەنی باسە؛ پێشتر لەیلا گۆڤەن بەتۆمەتی ئەندامەتی لە رێخستنی قەدەغە لە دادگای حکوومەتی تورک لە رۆحا سکاڵای لەسەر تۆمار کرابو، بۆیە دادوەری تورک لە دادگا ئامەد، دانیشتنێکی بە بێ ئامادەبوونی گۆڤەن بەڕێوە برد و هێزە ئەمنیەکانی تورکی راسپاردوە کە لە دانیشتنی داهاتوو گۆڤەن بەزۆر ببەنە دادگا.

جێگای ئاماژەیە؛سەردار چەلەبی پارێزەری لەیلاگۆڤەن لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای ئامەد ئامادە بووە و گووتوویە: موەکیلەکەم ماوەی ۱٤۰ رۆژە لە مانگرتن دایە و باری تەندرووستی زۆر ناجێگیرە و لە ئەگەری گۆشار و هێنانە دادگای لەلایەن حکوومەتی تورکەوە ئەوا ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە دەبێت ئەم بڕیارە هەڵبوەشێتەوە.

لەیلاگۆڤەن هاوسەرۆکی پێشووی ک ج د و پەرلمانتاری ه د پ ماوەی ۱٤۰ رۆژە بۆ شکاندنی گۆشەگیری لەسەر عبداللە اوجالان کە ماوەی زۆرتر لە ۲۰ ساڵە لەلایەن حکوومەتی تورکیەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی دایە، دەستی داوەتە مانگرتنی بێ سنوور لە خواردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان