بەردەوامی رەشبگیری لە رۆژهەڵاتی كوردستان/ لە دوو رۆژدا سێ كەس لە مەریوان دەستبەسەركراون

kmmk:
رۆژی چوارشەممە 7 ی خاكەلێوە، هێزەكانی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری مەریوان “پەیام شەوقی”، كوڕی “ئیسحاق”یان لە نێوان هەردوو گوندی “خاومیراوا” و “بەردەڕەشە” دەستگیركردووە و بۆ شوێنێكی نادیاریان گواستوەتەوە.
هەروەها پێشووتریش رۆژی سێ شەممە 6 ی خاكەلێوەش هێزە ئەمنیەكانی ئێران لە گوندی “سەردۆش”ی مەریوان هەر یەك لە “عادل نیكخاه” كوڕی “عومەر” و “كارزان سەردۆش”ی كوڕی “محەمەد” یان دەستبەسەركردبوو.

شیاوی باسە لە كاتی دەستبەسەركردنی ئەو هاوڵاتیانەدا هێزەكانی ئیتلاعات هیچ فەرمانێكی دادگایان نەخستبوەڕوو.

بەلەبەرچاوگرتنی هەڵمەتی دەستگیركردنی ماوەكانی رابردوو، هەروەها دوابەدوای بەڕێوەچوونی رێورەسمەكانی نەورۆز، پێدەچێت هێزەكانی ئێران بە بیانووی بەشداری دەستبەسەركراوەكان لەو رێورەسمانە، ئامانجیان دروستكردنی گوشاری بەربڵاوتر بێت بۆ سەر هاوڵاتیانی رۆژهەڵاتی كوردستان.
لە كۆتاییدا پێویستە بوترێت، لە هیچ ناوچەیەكی ئێران، هێزە ئەمنیەكانی سەر بە حكومەت هاوشێوەی رۆژهەڵاتی كوردستان فشاریان نەخستبوە سەر هاوڵاتیان بۆ رێگری كردن و ئاستەنگ سازكردن لە بەردەم بەڕێوەچوونی رێورەسمەكانی نەورۆز، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە بۆنەی نەورۆز جێگە و پێگەیەكی تایبەتی لە لای گەلی كورد هەیە.

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان