دارستان و شینکایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ بەشی یەکەم پارێزگای سنە

KMMK:

بەپێی ئاماری ناوەندەکانی پەیوەندیدارەکان بە بەشی کشت و کاڵ و دارستان و لەوەڕگان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەمجارەمان بۆ پارێزگای سنە تەرخان کراوە:

پارێزگای سنە ڕووبەری ۲٨۲۰۰ کیلۆمیتری چوارجایە کە جگە لە بەنداوەکان و گۆلی زرێبار هەموی وشکانیە. نزیک بە ۱۲.٨ لە سەدی ئەم پارێزگایە دارستانە کان پێکیان هێناوە کە ڕووبەری دەگاتە ۳۷۳ هەزار هێکتار.

 دار و دارستانەکان

 زیاتر لە ٥۰ هەزار ساڵە چیا و داوێنەکانی زاگرۆس لانکەی دار بەڕۆ، دارە وەن، مازوو، گوێز، سێفەتاڵ، هەرمێ ڕێخینە، بەهێ، ترێ (مێو) تەنگس، هەنجیر، وزم، بناوەچ، بی، چنار و پەڵک و زۆر جۆری تری داری خۆڕسک بووە.

لە پارێزگای سنەدا زۆرترین دارستانەکان لە شاری بانەوە دەست پێدەکات و ناوچەی مەریوان و بەشێک لە ناوچەی کەڵاتەرزان و ژاوەرۆ و چەم شار سنە دەگرێتەوە. بەشی زۆری ئەم دارستانانە دار بەڕوو، مازوو، گوێز و توو، بەهێ و دار مێو یان داری ترێیە. هەرچەن گوێژ و هەرمێ بەگشتی لە تەواو پارێزگای سنەدا بوونی هەیە و چەندین جۆریشی هەیە.

بە گشتی نزیک بە ۱۳٥ جۆر دار لە پارێزگای سنەدا ناسراوە.

دار بەڕوو

بەپێی داتاکانی حکومەتی ئێران لە پارێزگای سنەدا ۱۷ ٪ دارستان و بێشەڵانەکان لە دارەکانی، بی، هەرمێ، گویژ، تەنگس، شیلان، وزم، پەڵک، هەرجن و … پێک هاتوە. بە شێوەێیکی تر دەتوانیین بڵێین نزیک بە ٨۳٪ لە دارستانە خۆڕسکەکانی پارێزگای سنە لە دار بەڕۆ پێک هاتوە.

دار بەڕۆ سێ جۆری سەرەکی هەیە: مازو، بەڕۆ یان بەڕوی زاگرۆسی، جۆرێکی تر لە دار بەڕۆ کە دارەکانی بەرزتر و لە داوێنەکاندا زۆرتر دەڕۆێ و بە بەڕوی لوبنانی دەناسرێ.

«هەوڵ دراوە ناوی ئێران بلکێنن بە جۆرێک لەو بەڕوانەوە کە ڕیشەی دارەکان حاشایان لەو ناسنامە کردوە.»

دار بەڕۆ ئەو ڕووەکەی کە هەم لە سەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی وەک نمام پەرە دەستێنێ و هەمیش وەک دار گوێز تۆیەکەی بەدەم مشک و مەل و سمۆرەوە لاتەنیشت و کۆڵانەبەرد نەماوە بە مەرجێک تۆسقاڵێک نەرمایی دەست کەوتبێ و سەری هەڵنەدابێتەوە تێیدا.

تایبەتمەندی دار بەڕوو وایە لە بێ ئاوی و دێمەڕۆییدا ڕەنگە داری مێویشی (ترێ) نەگاتێ و دێر گەورە دەبێت ڕەنگە ٥۰ ساڵی گەرەک بێت تا نمامە بەڕوێیک قیلەتی باوشێک بگرێتەوە.

 هەر ئەوەش وای کردوە دار بەڕوو لە سوتاندنیشدا زۆر دێر بسوتێ و ئەم گیان سەختیەش وای لێکردوە کە بە باشترین دار بۆ خەڵوز کردن بناسرێت و ئەو هونەرەش بوەتە مایەی ئەوەی هەرچی پیرەدارە دەبنە خەڵوز و هەرچی کەباب خانەکان زیاتر دەبن ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ پانتایی دارستانەکانیش کەمتر دەبێتەوە.

بەڵاکانی دار بەڕوو

هەلپەرەستی تاقمێک لە خەڵکی گوندەکان بە مەبەستی بڕینی دار بەڕوو و بە قاچاخ بردنی بۆ شوێنی دیکە لە لاێیک و سوتاندنی دارستانەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی زەوی کشت و کاڵی و باخ، زۆرێک لە داربەڕوەکانی کردۆتە قوربانی.

لە لاێیکی ترەوە بە پێی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنیا لە پارێزگای سنە، لە ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوییدا نزیک بە هەزارو سەد هیکتار لە دارستانەکان ئاگری تێبەردراوە.

هەرچەن ئەو داتایە دەکرێت سێ قاتی بۆ حساب بکرێت چونکە ناوەندە حکومیەکان خۆ لە ڕادەست کردنی ئاماری ڕاست و دروست خۆ دەبوێرن و زۆر ناوەندی حکومی ئێرانیش وەک سوپای پاسداران تاوانبار ناسراوە بە بیانوی ئەمنیەتی خۆی ئاگر لە دارستانەکان بەردەدات.

دار بەڕو و بەنداوەکان

بەنداوی داریان و گاڕان لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان و بنارەکانی شاهۆ پانتاێیکی زۆری لە دارە خۆڕسکەکان خستۆتە ژێر ئاو و هەمو ئاسەوار و نیشانکردە کۆنەکان ئیتر بۆ هەمیشە لە بەرچاوان ون کران.

 بەقاچاخ تاڵان کردنی دارستانەکان

 داری بە تاڵانکراوی پارێزگای سنە ڕەنگە تەنیا دار بەڕوو نەبێت بەڵام بێ گومان بەشی سەرەکی ئەم ژمارانەی خوارەوە لە ساڵی ۹۷ دا دار بەڕوو بوە.

ئەو بڕە دارانەی کە بە نایاسایی بڕاونەتەوە و دەست بەسەریدا گیراوە و ناوەندە مەدەنیەکان دەستیان بەسەریاندا گرتوە: جارێک لە قوروە ۱۹۰ تۆن و مەریوان ۲۳۰ تۆن و ۲۳ تۆن لە ناوچەی سەقز. هەرچەن تەنیا ئەو بڕەکەمە وەبەر کەوتوە و بە دڵنیایەوە زۆر لەوە زیاترە تەنانەت باس لەوەوە دەکرێت کارخانەی کاغەز سازی باکوری ئێران بەشێکی پێداویستیەکانی لە دارە کانی پارێزگای سنە جێبەجێ دەکات.

دار بی

 دارە بی یەکێک لە دارەکانی کوردستانە کە زۆرترین مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

چەندین جۆری دار بی لە کوردستان بونیان هەیە کە بریتین لە: ڕەشەبی، کولەکەبی، زەردەبی، کۆیجەبی، قرچەبی، کوژەکەبی و …هەر یەک لەمانە تایبەتمەندی خۆی هەیە کە ڕەشەبی زۆرترین ڕێژەی لە کوردستان هەیە و بەژنی بەرز و تا ڕادەێیک شان لە شانی چنار دەدات لە بواری پیشەی دارتاشینەوە جێگای تایبەتی خۆی هەبوە لە کلتوری کوردەواریدا.

دار بی تۆ دەکات و تۆکەشی وەک تۆی پورایشەڵە و پەپو بە دەم باوە دەڕوات و لە هەرشوێنێک توسقاڵێک تەڕایی هەبێت شین دەبێت، زۆر زوو گەورە دەبێت و گەڵا و پرچەکانیشی ئاژەڵ بەتایبەت بزن باشی دەخۆن.

هەر ئەم تایبەتمەندیە و سروشتی دار بی لە گەڵ ئاو و هەوای کوردەواریدا وای لێکردوە لە دونیای مودێڕندا وەک دارێکی پیشەسازی نەناسرێت و بە بەراورد بە دار چنار بایەخی پێنەدرێت.

داربی وەک باس کرا لق و پۆێی زوری هەیە و سێبەری خۆش و دڵڕفێنە بەڵام بە بیانوی کەم نرخ بونی، بەهەزاران دارە بی و براونەتەوە و بە دەستی مرۆڤ سوتێندراون و حکومەتیش بە پلان و بەرنامەی تایبەتەوە خەڵکی هان دا کە جۆرێ چناری کە بەناو پەروەردەکراو و جۆرێکی تایبەتە وەک شەتڵ و نمام داچێنن، کە بەداخەوە لە دوای ۱٥ ساڵ و ۲۰ ساڵ ئاودات و تێچوویی زۆری بودجە و کاری مرۆیی خێری دەسکە بێڵ و دار و پەردوی کەپرۆکەێیکیشی لێ بەرهەم نایەت.

 نمونە دارستانەکانی بەشی خۆڕخۆڕەی ناوچەی سەقز ــ گوندی کانی سەید ـ

درێژەی هەیە …

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان