چل ساڵ دەسەڵاتی ئیسلامی/ چل ساڵ بێبەری بوون لە پەروەردە بە زمانی دایک

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بیست ویەکەمی فێبریە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز ڕادەگرێ وجارێکی تر لەسەر مافی پەروەردە بە زمانی دایکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوە بن دەست ونکۆڵی لێکراوەکانی دیکەی ژێر چەپۆک حکوومەتی ئێران جەخت دەکاتەوە.
پەروەردە دان و پەروەردەکردن بە زمانی دایک مافێکی زاتی وسرووشتی وحاشا هەڵنەگرەی مرۆڤ و لە بنەماکانی مافی مرۆڤە.
زمانی دایکی بەشی جوێ نەکراوەی مافی کەلتووری نەتەوەکان دێتە هەژمار کەبە پێی بەڵگەنامە نێو نەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ پەسەند وجەختی لەسەر کراوەتەوە ،بۆ وێنە
ماددەی ۲۷ی جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مەدەی وسیاسی پەسەندکراوی ۱۶ی دیسەمبری ۱۹۹۶ی کۆی گشتی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕایدەگەیەنێ : لەو وڵاتانەی کە کەمینەی ڕەگەزی، ئاینیی ویان زمانی بوونی هەیە، ئەوکەسانەی کە سەربەو کەمینانەن نابێ لەمافی پێک هێنانی گردبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی خۆیان وهەروەها بایەخمەندبوون لە کەلتوور ودەربڕین و جێبەجێ کردنی سونەت ویان دەکارگرتنی زمانی خۆیان ، بێبەری بکرێن.
ماددەی ۳۰ی کونڤانسیۆنی مافی منداڵ پەسەندکراوی ۲۰ی نۆڤەمبەری ۱۹۸۹ی کۆی گشتی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بارەوە دەڵێ: لەو وڵاتانەی کەمینەی خۆجێی، ئاینیی یان زمانی یان کەسانێک بە بنگەی خۆجێییەوەن،منداڵی ئەم جۆرە کەمینانە نابێ لە مافی بایەخمەندبوونلە کەلتووری خۆیان ،یان لە ئایینەکەیان و کەڵک لێ وەرگرنی یان کەڵک وەرگرتن لە زمانی خۆیان لەگەڵ دیکەی ئەندامانی گرووپەکەیان بێبەری بکرێن.

ڕاگەیەندراوی مافی کەسانی سەربە کەمیینە ئیتنیکی نەتەوەیی ئایینی وزمانی لە بوارگەلی لێک جیاواز بۆ وێنە لە بەندەکانی ۳ و ۴ی ماددەی ۴ی ڕاگەیەندراوی پەسەندکراوی ۱۸ی دیسەمبەری ۱۹۹۲ی کۆی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لێ دەکاتەوە :

“۳ ــ نەتەوە یەکگرتووەکان لەئەگەری توانایی خۆیدا دەبێ دەسپێشخەری پێویست لەمەڕ ئەوکەسانەی سەربە کەمینانەن دەرفەتی گونجاو بۆ فێربوونی زمانی دایکی و یان یاسا و ڕێسای تایبەت بە زمانی دایکی خۆیان هەبێت.

۴ــ نەتەوەیەکگرتووەکان لەئەگەری تواناییدا تەدبیر و ئامادەکاری پێویست لە بواری خوێندن بە زمانی دایکی و هاندان بۆ وەچنگ خستنیزانیاری مێژووییسونەتەکان زمان و کەلتوورێ کە لە ناوخۆی سنوورەکانی ئەم کەمینانە هەیە بۆیان دابین بکات.”

جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی پەسەندکراوی ساڵی ۱۹۹۶ لە ۵۲ ماددەی لێک تەنراو ئامادە و گەڵاڵە کراوە.

کەلەودا هەموو وردەکارییەکانی پشتیوانی لە زمانی کەمینەکان و ئەرک وبەرپرسیارەتی دەوڵەتەکان لەم بارەوە دیاری کراوە.بەپێی بەندی سییانەی ئەم جاڕنامەیە:” هەموو قوتابیان دەبێ خوێندنی فەرمی خۆیان بە زمانی دایکی دەست پێ بکەن.”

بەڵگەنامەکانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ جەخت و زەروورەتی ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەنی کەمینەی نەتەوەیین لەمەڕ ڕێز و پاراستن ولەبەرچاوگرتنی زمانی دایکی ئاشکرا دەکات،ئەو زمانەی کە منداڵان لە بنەماڵەکانیان پێی گەشەیان کردووە، فێری بوون و قسەی پێ دەکەن.
زمانی دایکی بەشی لێک جۆی نەکراوەی شوناسی مرۆڤێک پێک دێنێ،زمانێکە مرۆڤ پێی دەهزرێ،بیردەکاتەوە وژیان دەکات.هەرچەشنە ئاستەنگی وڕێگری لە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی مەحکووم و دەچێتە ڕێزبەندی پێشێلکاری ڕێساکانی مافی مرۆڤەوە.
حکوومەتەکانی ئێران بەردەوام مافی نەتەوەکانی بن دەستکراو لە ئێران وەکوو پەروەردە بە زمانی دایکی لەبەرچاو ناگرن وقەدەغەیان کردووە وهەوڵیان داوە بە قوربانی کردنی زمانە نەتەوەییەکانی ئەم نەتەوانە ،ئاسیمیلاسیۆنی زمانی گەشە پێبدەن ولەسەر ڕەوتی ئەندێشەی فاشیزم و بەبنەما گرتنی نەتەوەیەک،یەک زمان و یەک دەوڵەت پەرە پێبدەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای جەختی دووبارە لەسەر مافی پەروەردە بە زمانی دایکی نەتەوەی کورد ودیکەی نەتەوەکانی ژێر چەپۆکی ئێران،داوا لە خەڵک و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە لە هەمبەر مسۆگەر کردنی ئەم مافەی خۆیا تێبکۆشن و لە هەوڵێکی بە کۆمەڵ وگشت گیردا خوازیاری جێبەجێ کردنی ئەم مافە سرووشتییەی خۆیان بن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان