مانگرتنی شۆفێر تاکسییەکان لە بۆکان

KMMK:
چوار شەممە ۱۰ ڕێبەندانی ۱۳۹۷ هەتاوی شۆفێر تاکسییەکانی بۆکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە هەمبەر بێکار بوونی شۆفێرەکان و پێڕانەگەیشتن بە کێشە و گرفتەکانیان دەستیان دایە مانگرتن. خاوەن تاکسییەکانی بۆکان لەو مانگرتنەدا خوازیاری رێگا چارەیەک بۆ کێشەکانیان بوون .

نارەزایی شۆفێرەکان بە پێی وتەی خۆیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کار و بێکار بوونی ئەوان.
جێگای ئاماژەیە کە بێکاری و نەبوونی هەلی ئیش و کار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەک زیادی کردووە کە بەشی هەرە زۆری هاونیشتمانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانای دابین کردنی تێچووی ژیانی خۆیان نییە.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها بەردەوام تێکوشانی کردووە کە پێش لە هەر چەشنە گەشەیەکی ئابووری لەو بەشە لە کوردستان بگرێت و ئەو بەشە هەر لە دەستەنگی و نەداری دا ڕابگرێت.

شیاوی باسە کە کێشە ئابوورییەکان بوونەتە هۆی زیاد بوونی کۆچ بۆ هەندەران و نەبونی هەلی رەخساو بۆ ئیش و کار بۆتە هۆی ئەوەی خەڵک روو بکەنە ئیشی نا لەبار ، کە هەر ئەوەش بۆ خۆی کێشەکانی ئەوانی زیاتر کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان