KMMK
پێنج شەممە ۴ی ڕێبەندان ۱۳۹۷هەتاوی ، رێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتە نوێیەکەی خۆی دا لە پەیوەندی لە گەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی سەدان کورد ، عەرەب ، بلوچ و کەمە نەتەوەیی ئاینیەکانی ئێران کرد و هەروەها بە هۆی فەرق و جیاوازی و هەڵاواردن و سەرکوتکردن لە هەمبەر ئەو نەتەوانە ، ساڵی ۲۰۱٨ی بۆ ئێران بە ساڵی شەرم ناساند.
ڕێکخراوەی لێبوردنی ناونەتەوەیی ڕادەگەیەنێ کە سەرکوتکردن و هێرشی ناڕەوای هێزە چەکدارە و ئەمنییەکان بۆ سەر کۆبوونەوەکان ، سەرکوتکردن و هەڵاواردن و جیاوازی لە نێوان کەمە نەتەوەییەکان، دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس و هتد ، وێنەیەکی برچاون لە لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو رێکخراوەیە زیاتر لە ۷۰۰۰ لە بەشداربووانی سەرهەڵدانەکان ، قوتابیان، رۆژنامەنوس، چالاکوانی ژینگەپارێز، کرێکار و چالاکوانی مافی مرۆڤی کە پێکدێن لە پارێزەر و چاڵاکوانانی ماڤی ژنان ، چالاکوانانی ماڤی نەتەو و چالاکوانی ماڤی کرێکار ، بە شێوەیەکی نایاسایی قۆڵبەست و دەسبەسەر کراون.
هەروەها بە سەدان کەس حوکمی قورس و قامچییان بەسەردا سەپاوەو هەری کەم ۲۶ بەشداربووی سەرهەڵدانەکان کوژراون و ۹ کەسیش لەوکەسانەی کە لە پێوەندی دەگەڵ خۆپێشاندانەکان دەسبەسەرکرابوون ، لە باروودۆخێکی گوماناوی لە گرتووخانەکان گیانیان لە دەست داوە.
فلیپ لوتر، بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە لێبوردنی ناودەوڵەتی دا گوتی: ” مێژووی ساڵی ۲۰۱٨ وەک ساڵی سەرشۆڕی بۆ کۆماری ئیسلامی دەناسێنین ، لەو ساڵەدا کاربەدەستانی ئێرانی حەولیان دا بە لە ژێر پێ نانی زیاتر لە پێشووی مافی ئازادی ڕادەربڕین ،مافی ڕێکخستن و کوبوونەوەی ئاشتیانەو دەسبەسەر کردنی بەرفرەوان و بێدەنگ کردنی هەر نارەزاییەتیەک لە کاتی دەسپێکدا.
چوارچێوەی قۆڵبەست کردنەکان و حوکمی زیندان و قامچی ، نیشان دەدا کە کاربەدەستەکانی ئێران تا دوواین هێزی خۆیان بۆ سەرکوتکردنی گردبوونەوەکان بەکار هێناوە.
فلیپ لوتر ، بەرپرسی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە لێبوردنی ناودەوڵەتی هەروەها چۆنێتی هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی ئێرانی لە هەمبەر چالاکوانانی مافی ژنان “بەرفرەوان و زاڵمانە” نرخاند و گوتی:” کاربەدەستانی ئێرانی دەبێ لە جێگای دانی سزای زاڵمانە بە ژنان بە هۆی داوی ماڤی ڕەوای خۆیان ، کۆتایی بە سیاسەتی داڕێژراوی هەڵاواردن و توندووتیژی خۆیان بێنن.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان
@kmmkkurdistan