kmmk: چوار شەممە ۲۱ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی، کۆبونەوەیەک بە ناوەڕۆکی تاوتوێ کردنی دیاردەی کۆڵبەری لە زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان کە چەندین مانگە خوێندکارانی ئەم زانکۆیە خەریکی رێکخستنی بەڕێوەبردنی ئەم سێمینارەن لە لایەن حەراسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم زانکۆیە هەڵوەشایەوە.
ئەم سێمینارە لەکاتێکدا هەڵوەشاوەتەوە کە، چالاکان، رێکخراوە و ئێن جی ئۆ کانی شاری مەریوان و هەروەها میوانگەلێکی تر لە هۆڵی کۆبونەوەکەدا ئامادە بوبون و چەند خولەکێک پێش دەست پێکردن، کۆبونەوەکە لەلایەن بەرپرسانی زانکۆکەوە هەڵوەشایەوە کە ئەم کردەوەیە ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی لێ کەوتوەتەوە و بە وتەنەوەی دروشمگەلێک خوازیاری سەربەخۆیی زانکۆ و راگرتنی دەستێوەردانی هێزە ئەمنیەتیەکان لە کاروباری زانکۆ بون.
خوێندکارانی ناڕازی زانکۆی پەیام نوری مەریوان لەو بارەوە راگەیاندنێکیان بڵاو کردەوە کە بەم شێوەی خوارەوەیە:
خوێندکارانی زانا، هەروەها کە دەزانن، هەڵاوسانێکی ئابوری هەمو ئێرانی گردوەتەوە و کوردستان وەک ناوچەیەکی سنوری لەم هەڵاوسانە بێبەری نابێت و زۆربەی شارۆمەندانی کورد بۆ دابین کردنی پێداویستیە سەرەتایەکانی ژیانیان دەستیان داوەتە کۆڵبەری.
لە ساڵانی رابردوودا ئەم دیاردە مەترسیدارە بوەتە هۆی کەم ئەندامی و گیان لەدەست دانی بڕێکی زۆر لە کۆڵبەران کە بە هۆی مینی چێندراو و تەقەی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، ئەمەیان بەسەر هاتووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت:« کۆڵبەری قاچاخ نییە.»
هەر بەو بۆنەوە ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نوری مەریوان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە دیاردەی کۆڵبەری لە کۆبونەوەیەکدا تاوتوێ بکەین.
بەڵام بەداخەوە وەک زۆربەی کۆبونەوەکان لە ساڵانی رابردودا، ئەم سێمینارەش بە هۆی سەربەخۆ نەبونی زانکۆ لە بڕیارەکانی و هەروەها کۆنتڕۆڵی زەقی زانکۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی زانکۆ ئیزنی بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەیان داوە، پاش تێکۆشان و هەوڵی خوێندکاران و رێکخراوە زانستیەکانی زانکۆ و بانگهێشتی زۆرینەی ئێن جی ئۆ کانی شاری مەریوان بەڵام لە چەند خولەک پێش دەست پێکردنی کۆبونەوەکە، ئەم سێمینارە هەڵوەشێندرایەوە.
ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیام نوری مەریوان، ئەم کردەوە نادروستەی زانکۆ بە بێحورمەتی بە شوێن و پێگەی خوێندکارانی زانکۆ دەزانین و هەروەها ئیدانەی کوشتنی کۆڵبەران بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین.
ئێمە خوازیاری:
۱: سەربەخۆیی زانکۆ و بەرپرسانی زانکۆ
٢. نەمانی ڕوانگەی ئەمنیەتی لەسەر زانکۆ
٣: دانانی تریبونێکی ئازاد بۆ گەیاندنی دەنگی خوێندکارانی زانکۆ
٤: هەڵنەوەشاندنەوەی کۆبونەوەکان لە دوایین ساتەکان و رێزلێنان لە پێگە و شوێنی خوێندکارانی زانکۆین.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان