هەواڵنێری سەقزی بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە (نشراکاذیب) بە دانی غەرامەی نەخت مەحکووم کرا

kmmk
ئاراس قوربانی پوور هەواڵنێری سەقزی لەنەبوونی خۆیدا لە ڕێوڕەسمی دادگا بەتۆمەتی درۆ ودەلەسە مەحکووم کرا بە دانی ۲۰ملوێن قەران بۆسەر حسێبی دەوڵەت.
ئەم هەواڵنێرە کوردە لەهەواڵێکدا بەرانبەر بە وەرگرتنی دوو تیکە زەوی لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی پێشووی شۆرای شاری سەقز لە کەناڵی تێلگرامی خۆی خونزیاری بەدواداچوونی بەرپرسان بوو کە لەگەڵ سکاڵای (ع.ا) ڕووبەڕوو بوویەوە وبەهۆی ئامادەنەبوونی ناوبراو لەدادگا و بەرگری لە بابەتەکە ، وەکوو مەحکووم ناسراوە.
ڕوونکردنەوەی هەموو بابەتەکان ئەرکی سەرەکی بڵاوکراوەکانە و نەبوونی ئامادەیی و چاودێری پێگەیەنەرە سەربەخۆکان لەسەر هەڵسوکەوتی بەرپرسان وکۆی ئەوانەی لەژێر فەرمانی وان دان بووه بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی حکوومی لەبەرانبەر هاوڵاتیان بەرپرسیار و وڵامدەر نەبن.
جێگەی باسە ، ڕەوتی سکاڵا لە هەواڵنێرانی سەربەخۆی سەقزی لە دووساڵی ڕابردوو زیادی کردووە بەشێوازێک کە لانیکەم هەر مانگ، یەکێک لە هەواڵنێرانی سەربەخۆی سەقزی لەگەڵ سکاڵای بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی دادگاە ڕووبەڕوو دەبنەوە وبانگهێشت دەکرێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان