کوژرانی کۆڵبەرێک و بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکە لە پارێزگای ورمێ

kmmk: ڕۆژی سێ شەممە یەکی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆڵبەرێکی کورد بە ناونیشانی «فەرامەرز جەلی باقوو کوڕی حەمید» تەمەن ۲۶ ساڵ گیانی بەخت کرد و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناونیشانی «زاکری جەلی باقوو» تەمەن ۳۰ ساڵ و کوڕی عوسمان، بەگرانی بریندار بوو.

بەگوێرەی هەواڵەکە ئەم کۆڵبەرانە لەناوچەی سنووری شپیران سەربە شاری سەڵماس لەپارێزگای ورمێ دەکەونە بۆسەوە و دەکەونە بەر هێرشی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران.

جێگی باسە کوژران و پەلامار بۆسەر کۆڵبەران لەڕوانگەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕێگەپێدراوە و ڕاستەوخۆ مۆڵەتی ئەم هێرشانە لە ناوەندی دەسەڵات و بەرپرسەباڵاکانی حکوومەتەوە دەدرێ بەچەشنێکە هەر لە دەسپێکی ساڵی ۲۰۱۸ وە تا ئێستە ۴٥ کۆڵبەر کوژراوە و ۷١ کۆڵبەر بریندار و کەم ئەندام بووە و چەندین کۆڵبەر دەسبەسەر و هەروەها سەدان باربەری ئەم کۆڵبەرانە کوژراون ودەست بەسەر بارەکەیاندا گیراوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان